یەکێتی: نەوشیروان مستەفامان لێ پڕ کراوە بۆیە گۆڕان هەڵچووە
ئەمڕۆ یەکشەممە 30\10\2016، ئەحمەد قەدەفەری، جێگری بەرپرسی مەڵەبەندی شارەزووی یەکێتی، ڕاگەیاند: “خەڵکێکی زۆر پەیوەندی پێوە کردین کە شەوی ڕابردوو ڕاگەیاندنی گۆڕان هێرشێکی چڕیان لەسەر خودی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی یەکێتی کردووە، لە کاتێکدا هەموو شتێک لەم وڵاتە چاوەڕوان کراو بووە، ئەوەی هەیە لە نێوان گۆڕان و یەکێتی، وەک ئەو وەزعەی کوردستانی لێهاتووە کە هیچ شتێک لەم وڵاتە گەرەنتی نییە”.
ڕوونیشی کردەوە: “هێرشەکانی گۆڕان لە چوار چێوەی هێرشێکی کەسی بووە بۆ سەر خودی مەلا بەختیار، بۆیە ئەگەر ڕووی دەمیان بۆ تەواوی یەکێتی بێت، ئەوکاتە یەکێتی قسەی خۆی دەبێت".
ئەو بەرپرسەی یەکێتی پشتیوانی لە قسەکانی مەلا بەختیار کرد و گوتی: “قسەکانی مەلا بەختیار ڕاستە، کاتی خۆی تا سەعات 4ی بەرەبەیان، لایەنەکان نەخەوتن و لە کۆبوونەوەدا بوون بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمان نەکرێت، کە کرا، ئەمە دەرئەنجامەکەیەتی، بۆیە دەبێت گۆڕان خۆی لەو ڕاستییە لانەدات، چونکە خۆشیان لەگەڵ کۆبوونەوە نەبوون، ئەوەی کرا یوسف محەمەد سەربەخۆ کردی".
بەبۆچوونی قەدەفەری، نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، لەسەر ئەو بابەتە بەهەڵە تێگەیەندراوە و “لەوە دەچێت پڕ کرابێت، بۆیە گۆڕان بەو شێوەیە هەڵچووە”.
باسنیوز
