ئامەد.. بە مووشەک هێرش دەکرێتە سەر بازگەیەکی پۆلیس

ئامەد.. بە مووشەک هێرش دەکرێتە سەر بازگەیەکی پۆلیس
لە شاری ئامەد لە کوردستانی باکوور، بە مووشەک و دەستڕێژی گوللە هێرش کرایە سەر بازگەیەکی پۆلیسی تورکیا.

هێرشەکە درەنگانی شەوی شەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2016 بە مووشەک کراوەتە سەر بازگەیەکی پۆلیس لەسەر رێگای نێوان ناوچەی پەیاز لە ئامەد و ئەلعەزیز.

بەهۆی هێرشە مووشەکییەکە، کە دواتر دەستڕێژی گوللەشی تێدا کرا، دوو پۆلیس بریندار بوون.

ئەگەرچی تاوەکو ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا بەردەوام پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە ئەنجامدانی تەقینەوەکان تۆمەتبار دەکەن.

دوای کوشتنی دوو پۆلیسی تورکیا لە شاری پرسووس لەلایەن پەکەکەوە لە مانگی تەمموزی 2015، پرۆسەی ئاشتی لە نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا کۆتایی پێهات و شەڕی چەکداریی لە کوردستانی باکوور و تورکیا دروست بووەوە.

Top