"دوێنی شەو لە باشیکدا پێشمەرگە داعشی خەڵتانی خوێن کردووە"

لە هێرشەكەی شەوی رابردوودا لە هەر دوو بەشی باكوور و باشووری باشیك زیاتر لە ٢٠ تیرۆریستی داعش كوژران و زیانێكی زۆریشیان بەركەوتووە.



لیوا ( بەهرام دۆسكی) فەرماندەی لیوای ٧ پیادەی سۆران لە رۆژئاوای باشیكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: شەوی رابردوو چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پیشمەرگە و هەوڵی كۆنترۆڵكردنەوەی هەندێك ناوچەیان دا، بەڵام هێرشەكەی ئەوان لەلایەن پێشمەرگەدا تێكشكێندرا و هیچ زیانێكیش بەر پێشمەرگە نەكەوتووە و، بەڵایەنی كەم لە هەر دوو هێرشی باكوور و باشووری باشیكدا ٢٠ تیرۆریست كوژران و، زیانێكی زۆری مادیشیان بەركەوتووە.



گوتیشی: هەموو گوندەكانی دەورووبەری باشیك ئازادكراون، تەنیا شارەكە ماوە ئەویش چواردەوری باشیك گەمارۆ دراوە و هیچ رێگایەك نییە بۆ دەربازبوونی ئەم چەكدارانەی لەنێو شارۆچكەكەدان، هەروەها هیچ رێگایەكیش نییە بۆ هاتنی یارمەتی بۆیان، بۆیە هیچ دەرفەتیان نەماوە، یان دەبێ خۆیان رادەستکەن، یان هەموویان دەكوژرێن.



ئاماژەیشی دا، داعش هیچ هێز و توانایەكی نەماوە، تەنیا هەوڵدەدەن خۆیان ڕزگار بكەن، بەڵام ئەوەشیان پێ ناكرێت و هەموویان لە ناو دەبرێن.
Kdp-
Top