"دروستبوونی هێزی چەکداری لە کەرکووک، شەرعییەت بە هاتنی میلیشیای دیکە دەدات"
محەمەد كەمال بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاند، دروستبوونی چەكداری میلیشیاتی غەیرە كورد لەنێو شاری كەركووكدا شەرعیەتدانە بەهاتنی میلیشیاتی دیكە و ئەگەر خەڵكێك بیەوێ چەك هەڵگرێ ئەوە دەرگای لیوا و سوپاكان كراوەن بۆ دامەزراندنیان، پێشتر خەڵكێك داوای كردووە ببێتە پێشمەرگە ئێمە ئاسانكاریمان بۆكردووە، ئەوەی رۆژانی رابردوو خەڵك دەستی داوەتە چەك وەك خۆبەخش بەشداری شەڕیانكرد زۆرێكیان هەر پێشمەرگەبوونە و لە مۆڵەتدا بوونە و كاتی رووداوەكە چەكیان هەڵگرتووە، ژمارەیەك كەسی خۆ بەخش هەبوون و لە دوكاندار و كاسبكار گەڕاونەتە سەر كارو كەسابەتی خۆیان، پێشبینی ناكەم بەو قەبارەیە خەڵك هەبێت چەك هەڵگرێت و بچێتە نێو ئەو هێزەی ئێستا باسی دەكەن دامەزراوە لە خۆبەخشەكان.
محەمەد كەمال دەیشڵێ" ئێمە لەگەڵ دامەزراندنی هێزی چەكداری نین بە شێوەیەیەک خەڵك بە هەرەمەكی دەست بداتە چەك، چونكە ئەگەر بەر لە دوو رۆژ باس لە هەبوونی چەكداری تیرۆریستی داعش كرابێت لەنێو كەركووكدا مابن، ئەوا ئێستا ئەوانیش نەماون، ئەگەر لێرە و لەوێ چەكدارێك هەبێت بە برینداری خۆی دەربازکردبێت ئەگەرنا هەموو چەكدارەكانی هاتبوون كوژراون و ئەمجارە خەڵكیش هاوكارنەبوون لە هاتنی چەكدارانی داعش بۆنێو شاری كەركووكدا.
Kdp-
