تورکمانەکان نایانەوێ حەشدی شەعبی لە ئازادکردنی تەلەعفەردا بەشداربێ
(عیماد رەفعەت) سەرۆكی فڕاكسیۆنی هەولێری توركمانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاند" لەگەڵ وادەی نزیكبوونەوە هێرشی سەر قەزای تەلەعفەری توركمان نشین حزب و لایەنە سیاسییە توركمانییەكانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەتەوە و بڕیارە كۆنفڕانسێك لەبارەی داهاتووی ناوچە توركمانییەكانی پارێزگای نەینەوا بەڕێوە ببرێت، چونكە گەلی توركومان پشتوپەنای نێودەوڵەتی نییە و داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین هاوكاریمان بكات لەبارەی رەوش و داهاتووی ناوچە توركمانییەكانی پارێزگای نەینەوا، لەدوای شەڕی تیرۆریستانی داعش، هەر بۆ ئەم مەبەستە رۆژانی دابێ هەنگاوی پێویست بۆ دیاریكردنی دوا رۆژی ناوچە توركمانییەكان بە فەرمی داوای هاوكاری و هەماهەنگی لە هەرێم دەكەین.
ئەو بەرپرسەی توركمان دەڵێ" بەهۆی ئەوەی توركومانەكانی تەلەعفەر بەسەر هەردوو مەزهەبی و شیعە و سوونە دابەشبوونە و لە ئێستادا تەنها توركمانە سوونەكان لە تەلەعفەر ماون مەترسی ئەوە هەیە رووداوی نەخوازراو لەنێوان توركمانەكان رووبدات، حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە حەشدی شەعبی هێرشی سەر قەزای تەلەعفەر بكات، ئەوەش هەنگاوێكی زۆر مەترسیدارە، چونكە ئەگەر هەیە تۆڵەكردنەوە رووبدات و ژمارەیەك هاوڵاتی توركمان كۆمەڵكوژ بكرێن.
عیماد رەفعەت گوتیشی ، داوا لە هەرێمی كوردستان دەكەین هێزی پێشمەرگە بنێرن بۆ گرتنەوەی قەزای تەلەعفەر و رێگەی نەدرێت تەنیا حەشدی شەعبی پێشڕەوی بكات، چونكە هێزی پێشمەرگە ئەزموونمان لەگەڵی هەیە و هێزێكی بێ لایەنە، دەتوانێ ناوچەكە ئاسانتر كۆنتڕۆڵبكاتەوە و پارێزراویش دەبێت، ئێمە حەشدی وەتەنی توركمانیشمان هەیە نازانین بۆچی بەشداری پێناكرێت تەنیا حەشدی شەعبی دەچێتە قەزای تەلەعفەر و گومانی ئەوە دەکەین کە نیەتی خراپیان هەبێ.
Kdp-
