ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی پێدانی پارە بە پەرلەمانتارێکی یەکێتی ڕوونکردنەوە دەکات

 ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی پێدانی پارە بە پەرلەمانتارێکی یەکێتی ڕوونکردنەوە دەکات
سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو دەنگۆیانە هاتە دەنگ کە گوایە بڕە پارەیەکی زۆر بۆ ڕێواز فایەق، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خەرج کرابێت.

بەپێی ئەو ڕوونکردنەوەیە ، ئاماژە بەوەدراوە کە نووسراوەکە ساختە و دروستکراوە و لە بنەڕەتدا نووسراوێکی پشتگیریکردنی فەرمانگەی کاروباری کارگێڕی و دارایی ئەنجومەنەکە.
ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:

چەند پەیج و ئەکاونتێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، وەک چەند جارێکی دیکە و بەمەبەستی چەواشەکاری، وێنەی نووسراوێکی ساختە و دروستکراویان بڵاو کردۆتەوە کە گوایە لەسەر فەرمانی بەڕێز سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بڕی ٦٨٢ ھەزار دۆلار بۆ کڕینی خانوو بۆ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بەڕێز خاتوو ڕێواز فایەق خەرج کراوە.

لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە ئەم نووسراوە بە تەواوی ساختە و دروستکراوە و لەگەڵ ئەم ڕوونکردنەوەیەدا وێنەیەکی ڕاستەقینەی ئەو نووسراوە بڵاو دەکەینەوە کە ھەڵگری ھەمان ژمارە و بەروارە و بە ئیمزای بەڕێز سەرۆکی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی بۆ مەبەستێکی دیکە ئاراستەی فەرمانگەی دادنووسی ھەولێر کراوە.

نووسراوە ڕاستەقینەکە پشتگیرییەکی فەرمانگەی کاروباری کارگێڕی و داراییی سەر بە دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانە بۆ کارمەندێکی سکرتایەتی ئەنجومەنی وەزیران ـ کە خۆی داوای کردووە و وێنەیەکی ئەویش بڵاو دەکەینەوە ـ و ھیچ پەیوەندییەکی بە ھاوکاری و کڕینی خانووەوە نییە وەک لە نووسراوە ساختە و دروستکراوەکەدا نیشان دراوە.






سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان.

29\10\2016











باسنیوز
Top