گرفتی ناوەندی بڕیاری یەکێتی و باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد توندتر دەبێت
پاش ئەوەی لایەنگرانی باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەناوی پەرلەمانتارێکی یەکێتییەوە، نووسراوێکیان لە دژی ڕێواز فایەق، ئەندامی فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان بڵاو کردەوە کە گوایە لە هەولێر پارچە زەوییەکی پێ دراوە، لایەنگرانی ناوەندی بڕیاری یەکێتی بە توندی هاتنە دەنگ و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەڵگەنامەیان لە دژی سەرکردە و کەسەکانی باڵی دەستڕۆیشتوو بڵاو کردەوە.
لەمبارەیەوە ئاواز جەنگی بورهان، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: “بڕیارە قسە لەسەر ئەو نووسراوە نەکەین، چونکە گومان دەکرێت بۆ ئەوە بڵاو کرابێتەوە کە شەڕی دوو ئاراستەی یەکێتی پێ بکرێت”. ڕوونیشی کردەوە کە چاوەڕێ دەکەن ڕێواز فایەق خۆی ڕوونکردنەوە بڵاو بکاتەوە.
لە بەرامبەردا ئەحمەد قەدەفەری، جێگری بەرپرسی مەڵەبەندی شارەزووری یەکێتیی، ڕایگەیاند: “پێشووتر ئاماژەم بەوە دابوو کە ئەگەر دۆخی یەکێتی کۆنتڕۆڵ نەکرێت، سەر بۆ شتی خراپ دەکێشێت، بۆیە چارەسەر نەکردنی دۆخی ناوخۆی یەکێتی واتە کارەسات”. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر کێشە لەنێو حزبەکەیدا بەردەوام بێت، ئەوا هەر کەسێک لەلایەن خۆیەوە “پلار لە بەرامبەرەکەی دەدات”.
باسنیوز
