چەکدارێکی دەستگیرکراوی داعش: فەرمانی کوشتنی ژن و منداڵیان پێکردم
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (سکای نیوز)، ئەبو ئەحمەد، کە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە دەستگیر کراوە، کە داعش دەوروبەری مووسڵی بۆمبڕێژ کردووە.
ئەبو ئەحمەد رایگەیاندووە، کە رێکخراوەکەی فەرمانی بە چەکدارەکانی داوە ئەو ژن و منداڵانە گوللەباران بکەن، کە لەگەڵ خێزانەکانیان هەوڵی دەرچوون لە مووسڵ و گەیشتن بە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە دەدەن.
بەهۆی بیزاربوونیان لە ستەمی داعش، دانیشتووانی شاری مووسڵ و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکەی پارێزگای نەینەوا بە نهێنی هەوڵی دەرچوون لە ژێر دەسەڵاتی داعش دەدەن و خۆیان دەگەیەننە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.
باسنيوز
