عەلی سندی: بەغدا 309 ملیار دیناری ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کردووە

 عەلی سندی: بەغدا 309 ملیار دیناری ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کردووە
وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، حکوومەتی عێراق 309 ملیار دیناری وەک مافە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە کردووە و وەستانی زیاتر لە 3 هەزار پڕۆژەی ژێرخانیشی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ شەممە 29\10\2016، عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان، لە میانی وتەکەیدا لە پانێڵی زانکۆی ئەمریکی لە کوردستان - دهۆک کە تایبەتە بە قەیرانی دارایی، ئاماژەی بەوە کرد، بەردەوام داوا لە وڵاتان و یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، فشار لەسەر حکوومەتی عێراق بکات، تاوەکوو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.

ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”لە ماوەی ڕابردوو هەوڵێکی زۆرمان داوە لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەری سایلۆکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی و خودی عەبادی زۆر گفتوگۆمان کردووە سەبارەت بە شایستە داراییەکانی جووتیاران. لە هەفتەی ڕابردوودا تواندرا 309 ملیار دینار بە نەختینەیی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت کە لە هەفتەیەکدا دابەش دەکرێت“. داواشی لە وەزارەتی دارایی عێراق کرد، لە ”گەیشتن بە ئامانجەکان“، هاوکارییان بکەن.

عەلی سندی ئەوەی نەشاردەوە کە لە هەرێمی کوردستان 3350 پڕۆژەی سەرەکی، بەهۆی شەڕ و بودجە و نرخی نەوتەوە وەستاون و نەتواندراوە پڕۆژەکان جێبەجێ بکرێن و تەواو بکرێن. گوتیشی: ”پێویستە حکوومەت پارەی پێویست تەرخان بکات کە تێچووی ئەو پڕۆژانە 10 ملیار دۆلارە، ئێستا 5 ملیار دۆلار هەیە کە ساڵانی ڕابردوو دەستمان کەوتووە، 5 ملیار دۆلاری دیکە ماوە. جگە لەوەی 500 پڕۆژە هەیە کە قوتابخانەکانن و بەهۆی دۆخی ئابوورییەوە وەستاون“.













باسنيوز
Top