فازڵ نەبی: دوای سەردانەکەی بارزانی دەرگای چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا کراوەتەوە

فازڵ نەبی: دوای سەردانەکەی بارزانی دەرگای چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا کراوەتەوە
بریکاری وەزیری دارایی عێراق ئاشکرای کرد، دوای سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، دەرگای چارەسەری کێشەکان لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کراوەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 29\10\2016، لە میانی وتەکەیدا لە پانێڵێکی زانکۆی ئەمریکی لە کوردستان کە تایبەتە بە قەیرانی دارایی، فازڵ نەبی، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕای گەیاند، عێراق 93%ی داهاتەکەی لە فرۆشتنی نەوتەوە دەست دەکەوێت، بۆیە قەیرانی دارایی دروست بووە.

ئەوەشی ڕوون کردەوە، عێراق وڵاتێکە خاوەن سەروەرییە و ئەو وڵاتانەش بژاردەی زۆریان لەبەردەستە کە دەتوانن بەکاریان بهێنێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی، لەنێویاندا قەرز کردن. ڕۆڵی هۆشیار زێباریشی لە هەوڵەکانی چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی بە گرنگ وەسف کرد.

فازڵ نەبی گوتی: ”هەندێک لە مووچەخۆرانی عێراق زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن، چارەسەرکردنی ئەمە زەحمەتە. جگە لەوەی هەندێک هەوڵمان داوە، بۆ نموونە مووچەی پەرلەمانتارانمان لە 12.9 ملیۆن دینارەوە بۆ 3 تا 4 ملیۆن دینار کەم کردووەتەوە“.

لە وتەکەیدا، فازڵ نەبی ئاشکرای کرد: ”کێشەی گەورەی نێوان هەولێر و بەغدا سیاسییە نەک دارایی“. ڕوونیشی کردەوە: ”کێشەی هەولێر و بەغدا لەسەر یەک وشەیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێی وایە کە دەبێت 17٪ی بودجەی گشتیی عێراق وەربگرێت، بەڵام لە یاسای بودجەی عێراقدا دەڵێت 17٪ی داهاتی ڕاستەقینە بدرێت بە هەرێمی کوردستان کە ئەوە هەندێک پارەی لێ دەردەهێندرێت، وەک خەرجییە سیادییەکان“.

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە دوای سەردانەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، لە لایەک و ”بەشداریی پاڵەوانانەی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە شەڕی مووسڵ“ لە لایەکی دیکەوە، ئاسۆکانی کردووەتەوە و دەرگای بە ڕووی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردووەتەوە. دووپاتیشی کردەوە: ”ئێستا دۆخەکە لەبارە و لە هەموو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، باس لە خاڵە پۆزەتیڤەکانی نێوان هەرێمی کوردستان دەکات و چەند کۆبوونەوەمان کردووە، نیو سەعاتی یەکەم لەمبارەیەوە قسەمان کردووە“.

لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەو 10 ملیار دینارە کرد کە هەفتەی ڕابردوو لە بەغداوە بە مەبەستی پشتیوانیکردنی پێشمەرگە، بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە. دەشڵێت: ”ئێستا ڕەوشەکە زۆر لەبارە، ئەگەر ئیرادەیەکی سیاسی هەبێت، دەتوانین کێشەکان چارەسەر بکرێت“.




باسنيوز
Top