عەشیرەتە عەرەبەکانی نەینەوا بۆ مالیکی: بارزانی خاوەن هەڵوێستە
شێخ موزاحیم ئەحمەد ئەلحویت، گوتەبێژی ئەنجومەنی عەشیرەتە عەرەبەکانی پارێزگای نەینەوا لە بەیاننامەیەکدا رایدەگەیەنێت، کە نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بووە هۆی داگیرکردنی مووسڵ لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە لە مانگی حوزەیرانی 2014.
شێخ موزاحیم پێیوایە لێدوانەکانی نوری مالیکی دژی هەرێمی کوردستان تائیفین و لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە دەکرێت و ”دەیەوێ ناکۆکی و شەڕ لەنێوان پێکهاتەکانی نەینەوا دروست بکات“.
رۆژی چوارشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2016، نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستان و مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و داوای کشانەوەی پیشمەرگەی بۆ سنوورەکانی پێش رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003.
گوتەبێژی ئەنجومەنی عەشیرەتە عەرەبەکانی نەینەوا لێدوانەکانی مالیکی لەبارەی مەسعود بارزانی رەت دەکاتەوە، بەرگریی لە بارزانی دەکات و رایدەگەیەنێت، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ”خاوەن هەڵوێستە لەگەڵ گەلانی پارێزگای نەینەوا“.
نوری مالیکی هەروەها رایگەیاندبوو، کە هەرێمی کوردستان سەرقاڵبوونی سوپای عێراق بە شەڕی دژی داعش دەقۆزێتەوە بۆ فراوانکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکووک.
شێخ موزاحیم قوربانیدانی هێزەکانی پێشمەرگە لە رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی پارێزگای نەینەوا بەرز دەنرخێنێت و روو لە نوری مالیکی دەکات و دەڵێ، ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان دەرگای بۆ ئاوارەکانی پارێزگای نەینەوا کردەوە و ئەوانی پاراست، ”تۆ لە کوێ بووی؟“.
باسنیوز
