ئاوارەكانی موسڵ هەگبەی پڕ بەسەرهاتیان باس دەكەن
رۆژی هەینی 28 ی ئۆكتۆبەر، 10 خێزانی دیکە لە گوندەکانی میحوەری باشیک روویان لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە کرد، یەکێک لە ئاوارەکان بەناوی یونس، وەک خۆی دەیگێڕێتەوە، بەهۆی ئەوەی لە سەرتاشخانە کاری کردووە، چەکدارانی داعش 100 جەڵدیان لێداوە.
شادیە رەسوڵ پەیامنیری رووداو، باسی نەهامەتییەکانی ئەو خێزانانە دەکات کە لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بەسەریاندا هاتووە، منداڵێکیش دەدوێنێت کە هێشتا خێزانە هەشت کەسییەکەی لەبن دەستی داعش ماونەتەوە.
یونس و حەسەن، دوو برای خاوەن پێداویستی تایبەتن و ناتوانن قسە بكەن، ئەوان دوای گەیشتنیان بە سەنگەرەکانی پێشمەرگە بە هێماکانی دەستیان باسیان لە ناخۆشییەکانی دوو ساڵی رابردووی ژێر دەستی داعش دەکرد.
یونس بەهۆی ئەوەی لە سەرتاشخانە کاری کردووە، 100 جەڵدی لێدراوە. ئەوان یەکێکن لەو 10 خێزانەی لە گوندی ئەبو جەربووع بۆ پاراستنی ژیانیان روویان لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە کردووە.
چیرۆكی ژیانی ژیر دەسەڵاتی داعش هێندە زۆرن، هەركەسێك لە ئاوارەكان دەدوێنیت باسی چەندین ناهەمواری ژیان دوو ساڵ رابردووت بۆ دەكات. جیاواز لە گەوەركان، دیمەنەكانی جەنگ و ئاوارەبوون بۆ منداڵەكان دەبێتە ئەو چیرۆكەی لەگەڵیاندا گەورە دەبێت.
بە هاتنی ئەم ئاوارانە بۆ كەمپی خازر ژمارەی ئاوارەكان گەیشتە 250 خێزان، سەرەڕای قورساییەكانی قەیرانی دارایی لەسەر شانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام هێشتا لەلایەن حكومەت و رێكخراوە خێرخوازییەكانەوە هاوكاری بەردەوام پێشكەشی ئاوارەكان دەكرێت.
Rudaw-
