ئاوارەکان بە پشتێنەی بۆمبڕێژکراو دەیانەوێت بێنە کوردستان
بەشێک لەو هاووڵاتیانەی کە لە ناوچە عەرەبنشینەکانەوە ئاوارە دەبن و روو دەکەنە هەرێمی کوردستان، بە پشتێنەی بۆمبڕێژکراوەوە لەلایەن پێشمەرگەوە دەستگیردەکرێن.
موقەدەم سەلیم میراودەلی، لە فەرماندەیی هەڵگوردی هێزی پێشمەرگە لە لێدوانێکدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) گوتی "لەلایەن پێشمەرگەکانەوە رۆژانە وێنە و ڤیدیۆمان بەدەست دەگات، کە بەشێک لەو ئاوارانەی روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، بە تەقەمەنی و پشتێنەی بۆمبڕێژکراوەوە دێنە نێو پێشمەرگە".
ئەو فەرماندەیە ئاماژەی بە یەکێک لەو ئاوارانەکرد کە دوو رۆژ پێش ئێستا گیراوە و بەگوتەی خۆی"ئەو کەسە لەلایەن پێشمەرگەکانی زێرەڤانی لە میحوەری باشیک گیراوە و تەقەمەنییەکی زۆری لە شێوەی پشتوێنی بۆمبڕێژکراوەوە لەخۆی ئاڵاندبوو، ویستوویەتی خۆی بە هێزەکانی پێشمەرگەدا بتەقێنێتەوە".
چەند وێنەیەکی ئاوارەکان گەیشتوونەتە دەست (تۆڕی میدیایی رووداو) لەوێنەکاندا دەردەکەوێت، کە ئاوارەکان بە پۆشاکی جۆراجۆر خۆیان داپۆشیووە، لە یەکێک لە وێنەکاندا دەرکەوتووە کە پیاوێک بە جلوبەرگی ئافرەتانەوە ویستوویەتی خۆی دەربازی بازگەکانی باشووری کوردستان بکات.
Rudaw-
