نووسەرێکی عەرەب: مالیکی بابەتەکەی کەرکووکی بۆ تێکدانی پەیوەندیی هەولێر و بەغدا قۆستووەتەوە
نووسەرێکی عەرەب ئەوەی ئاشکرا کرد کە ھەوڵەکانی نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و سەرۆکی حزبی دەعوە لەبارەی دۆسیەی عەرەبەکانی کەرکووکی بۆ تێکدانی پەیوەندیی نێوان ھەولێر و بەغدا قۆستووەتەوە.
ئەنوەر حەمدانی، نووسەر و سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی کەناڵی (تاسیعە نیوز)، لە وتارێکدا کە بە ناوی (سەرۆک مەسعود بارزانی و نامەیەک بۆ (نووری)!) بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم، ئەوەی خەڵکی گوندەکان لە کەرکووک ڕووبەڕووی دەبنەوە، لە زوڵم و کۆچپێکردنی زۆرەملێ، ڕەتکراوەیە و نامرۆڤانەیە، بەرپرسیارێتییەکەی یەکەمجار لە ئەستۆی پارێزگاری کەرکووکە (نەجمەدین کەریم)، ئەو پیاوەش لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھەروەھا بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆی (موتڵەگ، مالیکی، جبووری، مەفرەجی، محەمەد تەمیم و حزبی ئیسلامی)یە، ئیتر سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتیی کوردستان چ پەیوەندییەکیان بەمەوە ھەیە“.
ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە: ”موتڵەگ دەچێتە سلێمانی و بابەتەکە چارەسەر دەکات، لەگەڵیدا مالیکی، مەفرەجی، محەمەد تەمیم، جبووری و لە نزیکیشیان، ئێستا جەنەڕال قاسم سولەیمانی لە سلێمانییە“.
باسیشی لەوە کردووە کە نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک، بەرپرسی کارگێڕی و جێبەجێکارە کە سەر بە حکوومەتی بەغدایە نەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لە سنووری دەسەڵاتی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دایە، بۆیە دەپرسێت: “کەواتە بۆچی عەبادی لە ھەڵسوکەوتەکانی پارێزگارەکەی ژێر دەسەڵاتی بێدەنگە؟ دواتر بۆچی جبووری، مەفرەجی، موتڵەگ و محەمەد تەمیم ناچنە لای عەبادی و داوای وەستاندنی کۆچپێکردن بکەن؟”.
بۆیە ئەنوەر حەمدانی پێی وایە، پاش ئەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، “بڕیارە ئازایانەکەی دەرکرد وەک پیاوی دەوڵەت کە بەرژەوەندیی گەلەکەی خۆی دەزانێت و بۆ خۆی چووە بەغدا بە مەبەستی شکاندنی بارودۆخی بەستووی نێوان ھەرێمی کوردستان و ناوەند، بۆیە ئەو ھەڵوێستەی ئێستا مەبەستەکەی ڕوونە، بە تایبەتیش پاش ئەوەی کە ھاوپەیمانییەک لە نێوان ھێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ ئازادکردنەوەی مووسڵ پێکھاتووە، ئیتر بانگەشەکارانی تایفەگەری و ململانێی نەتەوەیی بەم ھەنگاوانە شێت بوون و دەیانەوێت ھەموو شتێک لە ھەموو دۆسیەیەک تێک بدەن”.
Payamner-
