ئەدهەم بارزانی لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە

 ئەدهەم بارزانی لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە
سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتیی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی ناو ئەنجومەنەكە، كۆبویەوە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە 27/10/2016 سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و سەرۆكی فەڕاكسیۆنەكان لە لەگەڵ ئەدهەم بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی كۆبوونەوە، لە كۆبونەوەیەكەدا باس لە ڕەوشی سیاسی و كارگێڕی شاری سلێمانی و كێشە و پرسە هەنووكەیەكان كرا.

ئەدهەم بارزانی، ڕایگەیاند: "وەكو پارتی دیموكراتیی كوردستان، هەر پڕۆژەیەك لە خزمەتی خەڵكی شاری سلێمانی بێت، بە هەموو شێوەیەك ئێمە پشتگیری و پێداگری لەسەر دەكەین".

هاوكات سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی، دەربارەی بۆشایی لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی، ئەوەی خستەڕوو: "پۆستێكی گرنگی لەو شێوەیە ناكرێت بەو جۆرە بمێنێتەوە، بێگومان دەبێت بۆ چارەسەركردنی كاری پێویست بكرێت، لەگەڵ ئەوەش فڕاكسیۆنی پارتیش لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هاوكار دەبێت".

لەبارەی ئەو كۆبونەوەیەی ئەمڕۆ، ئازاد محەمەد، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و سەرۆكی فەڕاكسیۆنەكان لەگەڵ ئەدهەم بارزانی، كۆبوەنەوەیەكی گرنگیان ئەنجامداوە، بێگومان لە ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەدا باسی تەواوی كێشە هەڵپەسێندراوەكانی هەرێمی كوردستان كراوە، هەروەها داخوازییەكانی خەڵكی شاری سلێمانیمان لەگەڵ ئەدهەم بارزانی باسكردوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو لایەكیشمان یەك دەنگبووین لەسەر ئەوەی ڕێگە چارەسەرێكی گونجاو بۆ بارودۆخەكە بدۆزینەوە".

گوتیشی: "لەكۆبوونەوەكەدا باسی كێشەی مووچەی مامۆستایان بایكۆتی دەوامی مامۆستایان كراوە، بێگومان ئەدهەم بارزانی، نیگەرانی خۆی نیشانداوە لە تەواوی ئەو كێشانەی ڕوویان كردوەتە شاری سلێمانی، بۆیە پشتگیری و پشتیوانی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەربڕیوە".















باسنیوز
Top