بارزانی: پێشمەرگە شەڕ بۆ بەرگریکردن لە کوردستان دەکات نەک بۆ ئەمریکا
دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2016، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و عەمار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتیمانیی شیعەکان چیای زەرتکیان لە سنووری میحوەری خازری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەسەر کردەوە و کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان لەسەر چیاکە ئەنجام دا.
مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، کە پێشمەرگە ناچێتە ناو مووسڵ و ئەو هێزانەی دەشچنە ناو شارەکە، ”ئەرکیان دیاری کراوە“ و دانیشتووانی شارەکەشی دڵنیا کردەوە، کە پێشمەرگە ”گرنگی بە ئەوان و ئاسایشیان دەدات“.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستانە، ئاماژەی بە رۆڵ و ئەرکی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ دا و رایگەیاند، پلان بۆ ئۆپەراسیۆنەکە داڕێژراوە و رۆڵی هێزەکان بە تەواوی دیاری کراوە، هەروەها کۆمیتەیەکی باڵاش لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لە دوای رزگارکردنەوەی مووسڵ دروست دەبن، پێکهێنراوە.
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان هەروەها رایگەیاند، کە پێشمەرگە شەڕ بۆ بەرگریکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان دەکات نەک بۆ ئەمریکا و هیچ وڵاتێکی دیکە و دەستیشی بە لێدانی ”خەندەقێکی سەربازیی“ لە ناوچە رزگارکراوەکان کردووە.
هەروەها عەمار حەکیم لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بە دوایین سەردانی مەسعود بارزانی و شاندی کوردستان بۆ بەغدا کرد و رایگەیاند، سەردانی بارزانی بووە هۆی کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ بە رووی هاوکاریی راستەقینەی سەرکردایەتیی کوردستان و عێراق، ”بەشێک لەو هەماهەنگییانەی ئەمڕۆ ھەیە و پێشتر خەونمان پێوە دەبینی، لە ئەنجامی ئەو سەردانەی بارزانییە“.
سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتیمانیی شیعەکانی عێراق، کە هاوکات سەرۆکی حزبی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراقییە، ئاماژەی بە سەرکەوتنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژی داعش کرد و رایگەیاند، ئەو میحوەرەی ئەو لەگەڵ بارزانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی تێدا ئەنجام دەدەن (چیای زەرتک تەنها هێزەکانی پێشمەرگەی لێیە)، ”سەرکەوتنی گەورەی تێدا بەدەست ھاتووە“.
عەمار حەکیم هەماهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ بە کلیلی چارەسەریی کێشەکانی نێوان حکوومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دانا و رایگەیاند، ”رزگارکردنەوەی مووسڵ سەرەتایەکە بۆ عێراقییەکان بە مەبەستی هەوڵدانی زیاتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان“.
باس
