سەرۆکی لێژنەی کاروباری پێشمەرگە: ناپاکن ئەوانەی پێشمەرگە بە میلیشیا دەزانن
حه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر بوو (کەمال ڕەئوف) ڕۆژنامه‌نووسی نزیك له پارتێكی سیاسی و (عەدنان عوسمان)ـی ئه‌ندامی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیی کەناڵی ئێن ئاڕ تیدا، له‌باره‌ی ئوۆپه‌راسیۆنی ئازادکردنی مووسڵدا كه پێشمه‌رگه لایه‌نێكی سه‌ره‌كیی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌یه، ئامانجیان بوو خەڵکی کوردستان وا تێبگه‌یێنن كه، پێشمه‌رگه هێزێكی ڕێكخراو و كوردستانی نییه، به ویست و فه‌رمانی حزب و كه‌سایه‌تییه‌كان ده‌جوڵێندرێن و، ئه‌ركیشیان ئه‌ركێكی كوردستانیانه نییه، ئه‌م ڕایه‌ی ئه‌م دوو كه‌سه كاردانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا و جیا له پێشمه‌رگه، كه‌سایه‌تی و حزبه سیاسییه‌كانیش له‌به‌رانبه‌ر به میلیشیا وه‌سفكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستاندا لێیان هاتنه ده‌نگ.
پەیوەست بەم پرسە، سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە له په‌رله‌مانی كوردستان (ئاری ھەرسین) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم پڕوپاگەندانەی لایەنێکی سیاسی بەبێ ئاگاداری دەیکەن و پێشمەرگە بە میلیشیا دەناسێنن دەچێتە بابەتی ناپاکییەوە، لەکاتێکدا پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان خوێن دەڕێژێت لە پێناو خاک و شەرەفی نیشتیمانەکەی کە خۆی لەم نیشتیمانەدا دەژیێت. ھێزی پێشمەرگە بەبێ جیاوازی تەنھا تاپۆ نییە لەسەر لایەنێکی سیاسی، بەبێ جیاوازی گشتیان بەشدارن لە شەڕ، شانبەشانی یەکتر دەجەنگن، لە دژی تیرۆریستانی داعش، سنوورەکانی خاکی کوردستان دەپارێزن و ئاسایشی خەڵکی کوردستان دەپارێزن، ھەرکاتێک بەھەوەس و لە ئارامی کوردستان دانیشیت و تۆ بێیت و بڵێیت ئەمە شەڕێکی حزبییە، ئاخر ئەمە ناپاکییە لە پێشمەرگەی دەکات، لەوەیە ھەر نەزانن لەم میحوەرانە چی دەگوزەرێ، خۆ ئەو پێشمەرگانەی لە شەڕدان ھەموویان ئینتیمایان بۆ پارتی نییە، خۆبەخشی تیایە حزبەکانی تری تیایە بەبێ جیاوازی."
بە سەرنجدان لە قسه‌كردنیاندا (کەمال ڕەئوف) و (عەدنان عوسمان) نائومێدی و رەشبینییان ده‌به‌خشییه‌وه، به به‌رچاوی هاونیشتیمانیان وایان وێنا ده‌كرد كه به‌شداریی پێشمه‌رگه كه له پراكتیكدا جه‌نگی دیاریكردنی سنووری خاكی باشووری كوردستانه، به‌شداریێكی نیشتیمانی نییه و بۆ حزبێك و كه‌سایه‌تیێك به‌كار ده‌برێن.
به باوه‌ڕی زۆرێك له چاودێرانی سیاسییش، قسە و لێكدانەوە و هەڵوێستەكانی ئەو دوو كه‌سه، كه پێشتریش هه‌م خۆیان و هه‌میش هەڵسوڕاوانی دیكەی بزووتنەوەی گۆڕان و پەرلەمانتارانیان و نووسەرانی نزیك لەو بزووتنەوەیە گوتوویانه، لە بنەڕەتیشدا هەموو ئەوەی دەیڵێن روانگای سیاسی و ئایدیۆلۆژیی رێكخەری گشتییانە.
(ھەرسین) له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێ: "ئەم ئۆپەراسیۆنانەی ئێستا بە ھێندەی ئەو دووساڵ و نیوە گرینگە کە داعش ھاتووە، کە ئازادکردنی مووسڵە، چونکە بەتەواوی سنوورەکانی کوردستان دیاری دەکرێت و مه‌ترسی له‌سه‌ر کوردستان کەم دەبێته‌وه و پارێزراو دەبێت لە ھەموو حاڵەتێکی نەخوازراو. جا بۆی ھەیە لایەنێکی تر بێت لە داعش ترسناکتر، لەپاش گرتنەوەی مووسڵ کێشە سیاسییەکان زیاد دەبن، عێڕاق وەک خۆی نامێنێت و جوگرافیای عێڕاق دەگۆڕێت، بۆیە ئەم شەڕە بۆ دەستکەوتە سیاسییەکانی کورد، بۆ ئاسایشی ھەرێمی کوردستانیش گرینگه، بۆیە ئەستەمە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ھێزێکی حزبی بزانی، فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی کوردستانیش (سەرۆک بارزانی)ـە كه تەنھا وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان فەرماندەی ھێزەی پێشمەرگەکان نییە، بەڵکو سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە و سەرۆکی گشت خەڵکی کوردستانە بەبێ جیاوازیی ئینتیمای سیاسی‌یان."
KDP
