وەزارەتی دارایی ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 9ی فەرمانبەران دەکات

 وەزارەتی دارایی ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 9ی فەرمانبەران دەکات
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 9ی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات و چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا خشتەیەکی نوێی دابەشکردنی مووچەی مانگی 8 بڵاو بکاتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوەیەکی تایبەتی نێو وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی کەوتووە، ئەگەرێکی بەهێز هەیە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 27\10\2016، وەزارەتی دارایی خشتەیەکی نوێی دابەشکردنی مووچەی مانگی 8ی فەرمانبەران بڵاو بکاتەوە و تێیدا ناوی ژمارەیەک وەزارەت ئاشکرا بکرێت، بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ خشتەکە بڵاو نەکرایەوە، ئەوا ڕۆژی شەممە خشتەکە بڵاو دەکرێتەوە.

سەرچاوە تایبەتەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەمڕۆ لەنێو وەزارەتی دارایی ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 9ی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە و چەند کارێکی تایبەت بە نووسراوی مووچەکە ئامادە کراوە، گوتیشی: ”ڕەنگە ڕۆژی یەکشەممە یان دووشەممەی هەفتەی داهاتوو، لیستی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە بگاتە وەزارەتی دارایی و هەفتەی دواتر، دابەشکردنی مووچەی مانگی 9ی فەرمانبەران، بە دابەشکردنی مووچەی پێشمەرگە دەست پێ بکات“.

ئەمە لە کاتێک دایە کە تاوەکوو ئێستا، وەزارەتەکانی (کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕۆشنبیری و لاوان، کارەبا، داد، ئەوقاف، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ گواستنەوە و گەیاندن)، لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان و خانەنشینانی مەدەنی، مووچەی مانگی 8یان پێ نەدراوە.









باسنیوز
Top