لە یەكەم رۆژی رووداوەكانی كەركووكەوە 89 چەكداری داعش كوژراون
هەڵۆ نەجات، بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووك (پارتی) بە رووداوی راگەیاند، لەدوای رووداوەكانی چەند رۆژی رابردووی كەركووك، كە چەند چەكدارێك دزەیان كردە شارەكە، تاوەكو ئێستا 89 چەكداری داعش یان خۆیان تەقاندووەتەوە یان كوژراون.
بەگوتەی هەڵۆ نەجات، تەرمی ئەو 89 چەكدارەی داعش بەردەست هێزە ئەمنییەكان كەوتووە و دواتر رەوانەی دادی پزیشكی كراون.
زۆرینەی ئەو چەكدارانەی داعش لە كەركووك كوژراون و بەشێكی كەمیان، كە 15 چەكدار تێناپەڕێنێت خۆیان تەقاندووەتەوە، كە زۆرینەیان لە رۆژی یەكەمی هێرشەكەدا خۆیان تەقاندەوە.
رۆژی هەینی 21-10-2016 ژمارەیەك چەكداری داعش، كە هێزە ئەمنییەكان بە زیاتر لە 100 چەكدار دەیان خەمڵاندن، دزەیان كردە نێو كەركووك و چەند ناوچەیەكی دەوروبەری، دوای دوو رۆژ ئۆپەراسیۆن و رووبەڕووبوونەوە، لە رۆژی دووەمدا كوژرانی 48 چەكداری داعش راگەیێندرا.
لەماوەی شەش رۆژی رابردوودا هێزە ئەمنییەكانی كەركووك بەردەوام كوشتنی چەكدارانی داعش رادەگەیێنن و لەماوەی 24 كاژێری رابردووشدا كوشتنی 15 چەكداریان راگەیاند و وێنەكانیان بڵاوكردنەوە.
هاوكات ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانیش لە دوو راگەیێندراوی جیادا، دەستگیركردنی هەشت ئەندامی داعش و كوشتنی پێنج ئەندامی دیكەی راگەیاند.
رووداو
