به‌ هۆی شه‌ڕی موسڵه‌وه‌ زیاتر له‌ 5 هه‌زاركه‌س ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بوون

به‌ هۆی شه‌ڕی موسڵه‌وه‌ زیاتر له‌ 5 هه‌زاركه‌س ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بوون

لە سەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵەوە، پێنج هەزار ‌و 490 ئاوارەی نوێ‌ روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت "لەتوانایاندایە پێشوازی لە 33 هەزار خێزانی ئاوارەی نوێ‌ بكەن".

هۆشەنگ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان لە هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لە یەكەم رۆژی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵ، تاوەكو ئێستا پێنج هەزار ‌و 490 ئاوارەی نوێ،‌ كە هەموویان لە چوارچێوەی 861 خێزاندان، روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان گوتیشی "بەپێی ئەو كەمپانەی كە ئامادەكراون، ئەگەر هەموویان تەواوبن، لە تواناماندا هەیە پێشوازی لە 33 هەزار خێزانی ئاوارەی نوێ‌ بكەین".

هۆشەنگ محەممەد پێشبینی دەكات، لە پێشڕەوییەكانی داهاتووی پێشمەرگە ‌و سوپای عێراق، ئاوارەی زیاتر روو لە هەرێمی كوردستان بكات، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە ‌"ئەو ئۆپەراسیۆنانەی تاوەكو ئێستا ئەنجامدراون لەو ناوچانە بوون، كە پێشتر خەڵكەكەی ئاوارە بوون، بۆیە هاتنی ئاوارەكان كەمبووە، بەڵام ئۆپەراسیۆنەكانی داهاتوو دەچێتە ئەو ناوچانەی كە خەڵكی تێدا نیشتەجێیە".

لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە یەك ملیۆن و 800 هەزار ئاوارە ‌و پەنابەر هەن، پێشبینیش دەكرێت بەهۆی شەڕی موسڵەوە زیاتر لە 500 هەزار ئاوارەی نوێ‌ روو لە هەرێمی كوردستان بكەن.
Payamner-
Top