زێباری: ئەو رێوشوێنانەی لە بازگە و کەمپی ئاوارەکانی کەرکوک رەچاودەرکرێن بۆ پاراستنی سەقامگیری و ژیانی ئاوارەکان و دانیشتوانی کەرکوکە

زێباری: ئەو رێوشوێنانەی لە بازگە و کەمپی ئاوارەکانی کەرکوک رەچاودەرکرێن بۆ پاراستنی سەقامگیری و ژیانی ئاوارەکان و دانیشتوانی کەرکوکە



رۆژی ٢١/١٠/٢٠١٦ رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست راپۆرتێکی بڵاوکردەوە بە ناونیشانی حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان ئاوارەکان بێبەش دەکات لە ئازادی ھاتوچۆ کردن لە کەمپەکان ئاوارەکان لە نزیک کەرکوک و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای نەبوونی شەڕ و پێکدادانەکان لەو ناوچەیە کەچی ئەم ئاوارانە رێگایان پێ نادرێت بە ئازادی ھاتوچۆ بکەن.



لەم بارەیەوە دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: ئێستا لە کەرکوک زیاتر لە شەش سەد ھەزار ئاوارەی ناوچەکانی دیالا و ئەنبار و تکریت ھەیە ئەم ژمارە زۆرەش ئەرکی لایەنە ئەمنییەکانی زەحمەت کردووە، لە خاڵەکانی پشکنین دوابەدوای وردبینکردن لە دۆکیومینتەکانی ئەو خێزانانە و دڵنیابوون لە بێتاوانیان لەلایەن ھۆبەی خاڵەکانی پشکنینەوە بە ئۆتۆمبێلی تایبەت دەگوازرێنەوە بۆ کەمپەکان، چونکە دەتوانن زیاتر ھاوکارییان بکەن ھەروەھا کۆنتڕۆڵکردنیشیان ئاسانتر دەبێت، ئەو ئاوارانەی لە ھێڵەکانی پێشەوە دێن بەپێی فەرمانی میحوەرەکان نابێ مۆبایل و ناسنامەی پێ بێت واتە لێیان وەردەگیرێت ئەمەش وەک رێوشوێنێکی ئەمنی پیادە دەکرێت، چونکە زۆر جار کەسانی داواکراو و ئەندامانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان ھەوڵ دەدەن ئەو ھەلە بقۆزنەوە و خۆیان بخزێننە نێو ئەو خێزانە ڕاگوێزراوانە روو بکەنە ناوەندی شارەکە و ئە روودواوەی کە رۆژی ٢١/١٠/٢٠١٦ لە شاری کەرکوک روویدا و ژمارەیەک ھاووڵاتی سڤیل و کارمەندانی پۆلیس و دەزگاکانی ئاسایش بوونە قوربانی باشترین بەڵگەیە بۆ ئەمە و پێشتریش نزیکەی (٥٠) کەس لەلایەن پۆلیس و دەزگاکانی ئاسایشەوە دەستگیر کرابوون بە پێی ماددەی (٤) لە یاسای دژە تیرۆر داواکراو بوون.



لە بارەی ئازادی ھاتوچۆی ئاوارەکانیش دیندار زێباری وتی: ئەو ئاوارە و راگوێزراوانەی روویان لە کەرکوک کردووە لە کەمپەکانی لەیلان و نزراوە نیشتەجێ دەکرێن کە لە ھەردوو کەمپەکە (٢٠٠٠) خێزانی تێدا نیشتەجێیە، لەکاتی ھاتنیان ناسنامەکانیان لێ وەردەگیرێت بەتایبەتی ئەو خێزانانەی کە گومان لەسەر ناو و ناسنامەکانیان ھەیە لە کەمپی نزراوە کە شوێنی (١٥٠٠) خێزان دەبێت، ئێستا ژمارەیەکی کەمتر لە خێزانە ئاوارەکانی تێدا ماوە، ئەم ئاوارنە ئازادن لە ھاتوچۆ کردن و بنکەی تەندروستییان ھەیە و ھەر کەسێک پێویستی بە چارەسەر بێت و لە کەمپەکە چارەسەر نەکرێت ئەوا دەنێردرێنە کەرکوک بەتایبەتی ئەوانەی کە پزیشک داوا دەکات لە کەرکوک چارەسەر بکرێن. و بەپێی قسە بەرپرسە ئەمنی و ئیدارییەکانی ناوچەکە دانیشتوانی گوندەکان و ئەوانەی کە لە کەمپەکانیش نیشتەجێ کراون ئازادن لە ھاتوچۆ کردن بەپێی ئەو رێوشوێنانەی کە بۆیان دیاریکراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاسانکاری بۆ ھاتوچۆی ئەو رێکخراوە خێرخوازیانەش دەکەن کە داوا دەکەن سەردانی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پێشمەرگە بکەن.



سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو رێوشوێنانە زیاتر بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیری کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری و پاراستنی سەر و ماڵی ھاووڵاتیان دەگیرێتە بەر و پێویستە رێوشوێنەکان توندتر بن بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ناوچەکە، چونکە ناوچەیەکی فراوانە و ئەگەری دزە کردنی تیرۆریستان و میلیشیا چەکدارەکان ھەیە، تیرۆریستان ھەوڵ دەدەن کە کەمپی ئاوارەکان بقۆزرێتەوە بە بیانووی ئاوارەکانەوە بێنە نێو شار و پێویستە لایەنە نێودەوڵەتییەکانیش ئەمە لەبەر چاو بگرن بۆ ئەوەی سەقامگیری شارەکە نەکەوێتە مەترسییەوە.
Payamner-
Top