وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان و ئوردون یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن ئیمزا دەکەن

وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان و ئوردون یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن ئیمزا دەکەن



وەفدی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە سەرۆکایەتی "د. یوسف گۆران" وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە سەردانێکی رەسمی گەیشتە ئوردون و چەند دیدار و کۆبونەوەیەکی ئەنجامدا و چەند بڕیارێکی گرنگیشیاندا.



لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژی سێ‌شەممە(٢٥/١٠/٢٠١٦) یوسف گۆران لە شاری "عەمان"ی پایتەختی ئوردون لەگەڵ "د. عادل الگویسی" وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وڵاتی ئوردون پێشوازی لێکرا.



لە دیدارێکدا، کە بەئامادەبونی پرۆفیسۆر پۆڵا ئازاد خانەقا سەرۆکی دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی و، د. ئامانج عبداللە سعید ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا بەڕێوەچو، ھەردوولا تەئکیدیان لە پێویستی ھاوکاری و ھەماھەنگیی زانستی و ئەکادیمی نێوانیان کردەوە، بە تایبەت لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی خوێندکاران و مامۆستایان و ڕەخساندنی دەرفەتی ئەنجامدانی کار و توێژینەوەی ھاوبەش لە نێوان زانکۆکانی ھەردو وڵات.



ھەر لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی ئەو دیدارەدا بڕیار درا لێژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی پێک بھێنرێت بۆ مەبەستی ھەماھەنگی و ئاڵوگۆڕی شارەزایی لە بوارەکانی دڵنیایی جۆری و متمانە بەخشین و ڕیزبەندی زانکۆکان، ھاوکات بڕیار درا لە ڕێگەی لێژنە ھاوبەشەکانەوە میکانیزمی گونجاو بۆ بەڕەسمی ناساندن و داپێدانانی زانکۆکانی ھەردولا دابڕێژرێت.



ھەر لەو کۆبونەوەیەدا بڕیاردرا سبەی پێنچ شەممە ڕێکەوتی( ٢٧/١٠/٢٠١٦) یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان ھەردوو وەزارەت بۆ ڕێکخستنن و گەشەپێدانی پەیوەندی و ھاوکارییەکانی نێوان ھەردولا ئیمزا بکرێت.



لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا د. یوسف گۆران تیشکی خستەسەر ھەنگاوەکانی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان، بە تایبەت ھەنگاوەکانی وەزارەت لە بواری دڵنیایی جۆری و متمانە بەخشین و ڕیزبەندیی نیشتیمانی زانکۆکانی کوردستان.



لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کۆنفرانسی ھاوبەشی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژنەوەی زانستیی و وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرد، کە بڕیارە لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ئەنجام بدرێت و تایبەت دەبێت بە گفتوگۆی زانستیی دەربارەی پەرەپێدانی بیری میانڕەوی و تۆلەرانس و پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە جیاوازی، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران بەڕەسمی بانگھێشتی (د. عادل الگویسی) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وڵاتی ئوردونی کرد بۆ بەشداریکردن لەو کۆنفرانسە، ھەروەک داواشیکرد لە ڕێگەی وەزارەتەکەیانەوە ژمارەیەک لە توێژەری دیاری زانکۆکانی ئوردون لەو بوارە بانگھێشت بکەن بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکە.



لە بەرامبەردا (د. عادل الگویسی) بە خۆشحاڵییەوە بانگھێشتنامەکەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ھەرێمی کوردستانی پەسند کرد و، بە گرنگییەوە باسی لە کاریگەری ئەو جۆرە کۆنفرانسە کرد و، وتی: وڵاتی ئوردون ئەزمونێکی دەوڵەمەنی لە ڕوبەڕوبونەوەی تێرۆر و بیری توندڕەوی ھەیە، ئەوەشی ڕونکردەوە کە پێشتر ئەندامی لێژنەیەکی نیشتیمانی بون بۆ ئامادەکردنی (بەڵگەنامەیەکی نیشتیمانی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی تێرۆر و توندڕەوی لە وڵاتی ئوردون)، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ژمارەیەک لە توێژەوەی کارای ئەو بوارە بپاڵێون بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی پەرەپێدانی بیری میانڕەوەی لە ھەرێمی کوردستان.



ھەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا بۆ وڵاتی ئوردون ھەمان ڕۆژ د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەردانی کۆمسیۆنی متمانەبەخشین و دڵنیایی جۆری وڵاتی ئوردونی کرد و، بەگەرمی لەلایەن (پرۆفیسۆر بشیر خلیفە الزعبی) سەرۆکی کۆمسیۆنەکە پێشوازی لێکرا.



لە دیدارێکدا، کە بەئامادەبونی د. ئامانج عبداللە سەعید ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و، د. نەژدەت ئاکرێی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە دیوانی وەزارەت و، د. کاوە شێروانی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بەڕێوەچو، بەوردی باس لە میکانیزمی کارکردنی کۆمسیۆنی متمانەبەخشین و دڵنیایی جۆری وڵاتی ئوردون کرا، کە وەک دەزگایەکی سەربەخۆ کاری چاودێریکردنی کواڵیتی و بەخشینی متمانە بە زانکۆ و پڕۆگرامەکانی خوێندن لە ئەستۆ دەگرێت.



بۆ ئەوەش (پرۆفیسۆر بشیر خلیفە الزعبی) بە گرنگیەوە لە سەرکەوتنی پڕۆسەی ریزبەندی نیشتیمانی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستانی ڕوانی و، وتی: کۆمسیۆنەکەمان لە ئێستادا کار بۆ ئەنجامدانی ڕیزبەندی زانکۆکانی وڵاتی ئوردون دەکات، کە بڕیارە لە ئایندەی نزیکدا پڕۆژەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ھەر لەو دیدارەدا و، لەسەر پیشنیازی د. یوسف گۆران بڕیار درا، کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمسیۆنی متمانەبەخشین و دڵنیایی جۆری ھەماھەنگیی بکەن بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕاو شارەزایی لە بوارەکانی متمانە بەخشین و دڵنیایی جۆری و ڕیزبەندی نیشتیمانی و، ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی تایبەت بە ھەڵسەنگاندنی ئاکامەکانی پڕۆسەی فێرکردن لە زانکۆکان.
Payamner-
Top