نوێنەری شەبەک له ئەنجوومەنی نوێنەران: لەکۆی ٥٦ گوندی شەبەک ٣٠ گوندییان رزگارکراون

نوێنەری شەبەک له ئەنجوومەنی نوێنەران: لەکۆی ٥٦ گوندی شەبەک ٣٠ گوندییان رزگارکراون


ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پێکھاتەی شەبەک، "سالم شەبەک" لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایدەگەیەنێت لەکۆی ٥٦ گوند کە دانیشتووانەکەی پێکھاتەی شەبەکن ھێشتا ٢٦یان لەدەستی چەکدارانی داعشدا ماون و دەڵێت، "٧٠ لەسەدی ناوچەکانی شەبەک لەلایەن چەکدارانی داعشەوە وێران کراون".



ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پێکھاتەی شەبەک، سالم شەبەک لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرای دەکات ھێشتا کەمتر لە نیوەی گوندەکانی پێکھاتەی شەبەک لەدەستی داعشدا ماون.



لەوبارەیەوە ناوبراو روونی کردەوە: "ژمارەی گوندەکانی شەبەک لە پارێزگای نەینەوا بریتیین لە ٥٦ گوندن و ئێستا ٣٠ گوند لەوانە رزگارکراون و ئەوەی ماوە ٢٦ گوندمان ھێشتا لە ژێردەستی تیرۆریستانی داعشدان، ئێمە زۆر گەشبینین ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و ھێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە رزگارکردنی گوندەکانی دیکەی شەبەک، سوپای عێراق گەیشتووەتە گوندی بازیوە کە تەنھا پێنج کیلۆمەتر لە مووسڵەوە دوورە، ھەروەھا لەو دیوی بازیوە گوندی گۆگجەلی لە گەڕەکی حەی ئەلقودسەوە لە نزیک لە مووسڵەوەیە و زۆر نزیکە لێی، ئەمڕۆ گوندەکانی خۆرسابات و عومەر قامچی و فازڵییە پاککراوەتەوە".



شەبەک گوتیشی: "ئێمە دەبینین پێشمەرگە گەمارۆی لەسەر باشیک داناوە و چەند کاتژمێرێکی دیکە ئەویش رزگاردەکرێت، لەلایەکی دیکەشەوە گوندی موەفەقیە و تەیراوە و تۆپزاوە و ئەبو جەربوعەش رزگارکراون، بۆیە بەگشتی ٢٦ گوندمان دەمێنێت کە بەدەستی داعشەوەن، ئێمە گەشبینین ئەو گوندانەش بەزووترین کات لەلایەن سوپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگەوە رزگار بکرێن".



شەبەک پێکھاتەیەکن لە شیعەی جەعفەری دادەنرێن لەگەڵ بەشێک لە سونەش، یەکێکن لە پێکھاتەکانی عێراق و لە رۆژھەڵاتی مووسڵ نیشتەجێن و چەندین گوندییان ھەیە، بەپێی ئامارەکانی عێراق لە ساڵی ١٩٧٧ ژمارەی شەبەک ٨٠ ھەزار کەس بوون، ئێستا ژمارەیان بە زۆر زیاترە .



ئەگەرچی زمانێکی تایبەت بەخۆیان ھەیە، بەڵام بەھۆی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی عێراقەوە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو شەبەک لەنێوان کورد و عەرەبدا تواونەتەوە و لەپاڵ زمانی خۆیان بە عەرەبی و کوردیش قسە دەکەن و بەشێکیان خۆیان بەکورد دەزانن و بەشێکیشیان لەگەڵ عەرەب تێکەڵ بوون. ھەروەھا کێشە مەزھەبییەکانی عێراق ئەوانیشی دابەش کردووە.



سەبارەت بەو کەسانەشی لە پێکھاتەی شەبەکن و ھێشتا بەدەستی داعشەوەن و رزگارنەکراون، سالم شەبەک گوتی: "٢٠٨ کەسمان لە پێکھاتەی شەبەک ھێشتا لەژێر دەستی داعشدان، ئەوە جگە لەوەی لە نێو گوندەکانمان ئەوانەی لەدەستی داعش ماون خەڵکێکی تریان بردووە، بۆیە ژمارەکە زیاترە، ئەتوانیین بڵێین ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە پێکھاتەی شەبەک لە دەستی داعشدان".



سەبارەت بە چارەنووسی ئەو ناوچانەی کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی لە پێکھاتەی شەبەکن لە دوای رزگارکردنی ناوچەکان لە دەستی چەکدارانی داعش، سالم شەبەک گوتی" ئەوە مەسەلەیەکی سیاسییە لەنێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، ئێمە داوادەکەین پێشمەرگە ھەموو گوندەکانی شەبەک بگرنەوە و بیپارێزن، ھەروەھا ژوورێکی کرد ھاوبەشەکان ھەیە و ئێستا لەنێوان ھەرێم و بەغدا ھەماھەنگی ھەیە بۆ ئەوەی چۆن گوندەکان دابەش بوون بۆ گرتنەوە، ئێمە وەکو شەبەک لەدوای رزگارکردنی مووسڵ و ئەو شوێنانە ئارەزوو دەکەین بخرێنە سەر ھەرێمی کوردستان".



دەربارەی زیانەکانی ناوچەکانی شەبەک نشینیش بەھۆی کۆنتڕۆڵکردنی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "زۆر دەوڵەمەند بوون پێش داعش و ھەموو کارگەکانی بلۆک و حەلان و شتی تریش بەدەستی ئێمەوە بوو، ئێستا ئەوەی ھەیە دەتوانم بڵێم ٧٠ لەسەدی گوندەکانی شەبەک وێران بوون".
Payamner-
Top