پێشمەرگەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشیک شەهیدبوو
پێشمەرگەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە کادیری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە بەهۆی تەقینەوەی مین لە باشیک شەهیدبوو.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە تۆڕی مێدیایی رووداوی راگەیاند:" رۆژی چوارشەممە 26-10-2016 کادرێکی ئەو حیزبە بەناوی رەسول محەممەد زادە لەبەرەی شەڕ لە میحوەری باشیک بەهۆی تەقینەوەی مین گیانی لەدەستدا".
تیمێکی پێشمەرگەکانی حدکا لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵەوە بەشداریی ئۆپەراسیۆنەکەیان کردووە و لە بەشی هەڵگرتنەوە و پووچەڵکردنەوەی مین و بۆمبدا رۆڵیان هەیە.
دەقی ڕاگەیێندراوی حدکا...
بە دەستپێکردنی ئۆپراسیونی ئازادکردنەوەی مووسڵ و بە مەبەستی یارمەتیدان بە پێشمەرگەکانی باشووری کوردستان، تیمێکی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، شارەزا لە پووچەڵ کردنەوەی مین و پاککردنەوەی مەیدانەکانی مین، ڕەوانەی ناوچەکانی مووسڵ کرا. ئەو تیمە لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەشێک لە شوێنە مینڕێژکراوەکانیان پاک کردەوە.
لە ڕەوتی بەجێهێنانی ئەو ئەرکەدا بەداخەوە ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی(٢٦/١٠/٢٠١٦ی زایینی) یەکێک لە ئەندامانی ئەو تیمە بە ناوی ڕەسووڵ محەممەدزادە بەرپرسی فێرگەی کۆمیسیونی پەروەردەی حیزب، لە کاتی پووچەڵکردنەوەی میندا بە هۆی تەقینەوەی مینەوە شەهید بوو.
شەهید ڕەسووڵ محەممەدزادە، کوڕی مەحموود ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی لە ئاوایی "سەیف ئاوای" ناوچەی سەقز لەدایک ببوو و لەساڵی ١٣٧٩ی هەتاویدا هاتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ساڵی ١٣٨٩ پلەی کادری وەرگرتووە و دەورەیەکیش ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە.
شەهید ڕەسووڵ مەدرەکی لیسانسی لە مێژووی کورددا لە زانستگەی سەلاحەدین لە شاری هەولێر وەرگرتبوو.
شەهید ڕەسووڵ کادرێکی خۆشناو، بە بڕشت و ئۆگری کار و تێکۆشان و بردنە سەری پلەی زانست و زانیاریی خۆی بوو، بە جۆرێک کە دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە و دەورەی کادریشی بە پلەی یەکەم تێپەڕ کردبوو.
شەهید ڕەسووڵ باوەڕی قووڵی بە ئامانجەکانی گەل و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەبوو و لە ڕەوتی کار و تێکۆشانیدا پابەندی ئوسوول و دیسیپلینەکانی حیزب بوو، کەسایەتێکی دەستپاک، دڵسۆز، ڕووخۆش، ئارام و خۆشەویستی خەڵک و هاوسەنگەرانی بوو، وەک بەرپرسی فێرگەی کۆمیسیونی پەروەردەی حیزب لە ڕاهێنان و پێگەیاندنی فێرخوازانی فێرگەدا دەوری بەرچاوی گێڕا. شەهید بوون و لەدەستچوونی کادرێکی وا بەوەج و کارلێهاتوو بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خەسارێکی بەرچاوە. پێویستە بگوتری کە شەهید ڕەسووڵ دووهەمین شەهیدی بنەماڵەکەیەتی.
بە ناوی شۆڕای نیزامیی حیزب دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، بە بۆنەی شەهیدبوونی هاوڕێی خۆشەویستمان کاک ڕەسووڵ محەممەدزادە وێڕای ئەوەی کە خۆمان بە خەم هەڵگرتووی شەهیدبوونی دەزانین، لە هەمانکاتدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی شەهید ڕەسووڵ و هەموو خزموکەس و دۆستان و ئاشنایانی دەکەین. لەگەڵ گیانی پاکی پەیمان نوێ دەکەینەوە کە تا وەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانی درێژەدەری ڕێبازی بین.
Rudaw-
