گومان لەو قەرزە دەکرێت کە ئێران بڕیارە بە بازرگانانی سلێمانی بدات
پاش ئەوەی کونسوڵی ئێران لە سلێمانی ڕای گەیاند، وڵاتەکەی بڕیاری داوە بڕی 5 ملیار دۆلار بە قەرز بە بازرگانانی سلێمانی و هەرێمی کوردستان بدات. ئەمڕۆ چوارشەممە 26\10\2016، فەرمان غەریب سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی، ڕایگەیاند: “ئەگەر ئەو بڕیارە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، جووڵەیەکی زۆری بازرگانی لە کوردستان دروست دەکات، چونکە بڕی ئەو پارەیە یەکجار زۆرە و وادەکات سەرجەم سێکتەرەکان ببوژێتەوە، بەڵام پێدانی ئەو پارەیە دەبێت بەشێوەیەک بێت کە ڕێککەوتنی لەبارەوە بکرێت، چونکە ئەمە پەیوەندیی نێوان دوو دەوڵەتە”.
ئەو بەڕێوەبەرە گشتییەی سلێمانی داوا لە حکوومەتری هەرێمی کوردستان و بازرگانان دەکات، لە ناوەڕۆکی ئەو گرێبەستە هۆشیار بن کە ئێران بۆ پێدانی قەرز بە بازرگانان دەیکات، تاوەکوو لەداهاتوودا نەکەونە ژێر هیچ فشارێکەوە.
فەرمان غەریب گومانی لە بڕی ئەو پارەیە هەیە کە گوایە ئێران بۆ پێدانی قەرز بە بازرگانانی سلێمانی تەرخانی کردووە و دەڵێت: “بڕەکە زۆر زۆرە، بە تایبەتی بەهۆی ئەوەی دۆخی ئابووریی ئێرانیش زۆر باش نییە، ئایا لەم کاتەدا دەتوانێت ئەو بڕە پارەیە بە بازرگانەکانی کوردستان بدات؟ یان ئەگەر دۆخی شارەکانی بەو شێوەیە، بۆ پارەکە لە ئێران خەرج ناکات؟”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە دەستاودەستکردنی پارە لە هەرێمی کوردستاندا بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە ناچێت و هاوسەنگی لەمبارەیەوە نییە، بۆیە داوای کرد: “ئەو بڕە پارەیەی وەک قەرز لە ئێرانەوە بە بازرگانان دەدرێت، پلانی بۆ دابندرێت، تاوەکوو هەڵاوسان دروست نەکات”.
چاودێران چەندە بڕیارەکەی ئێران بۆ پێدانی 5 ملیار دۆلار بە بازرگانانی کوردستان بە گرنگ وەسف دەکەن، هێندەش گومانیان لەوە هەیە کە ئاخۆ بۆچی ئێران ئەو بڕە پارە زۆرە بە بازرگانانی کوردستان دەدات و لە بەرامبەردا داوای چییان لێ دەکات؟
باسنیوز
