نێچیرڤان بارزانی: ناتوانین 11 ساڵی دیکەش چاوەڕێی عێراق بکەین

نێچیرڤان بارزانی: ناتوانین 11 ساڵی دیکەش چاوەڕێی عێراق بکەین

لە درێژەی کاروچالاکییەکانی دووەمین رۆژی، سێیەمین دیداری مێری لە شاری هەولێر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتارێکی پێشکەشکردو لە بەشێکی گوتەکانی لەبارەی دهاتووی موسڵ و رۆڵی کورد لەو شارە رایگەیاند: "موسڵ بۆ ئێمە پرسێکی گرنگە، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە".گوتیشی: "دوای 12 ساڵ پێکەوە ژیان لەگەڵ بەغدا ئێمە لەکوێین".

شەڕی موسڵ و تایبەتمەندییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان

لە دەستپێکی قسەکانیدا کە تایبەت بوو بە شەڕی موسڵ، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "موسڵ بۆ ئێمە لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە گرنگە، لەڕووی جوگرافیشەوە کاریگەری گەورەی لەسەر دوو شاری هەرێمی کوردستان هەیە، هەولێر و دهۆک، تا راددەیەکیش کەرکووک".

بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان"ئەو ئۆپەراسیۆنەی لە موسڵ دەستی پێکردووە، ئێمە زۆر بە گرنگی دەزانین بۆ ئاییندەی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراقیش".

سەبارەت بە هەماهەنگییەکانی نێوان پێشمەرگه و سوپای عێراق، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "لەڕووی سەربازییەوە، ئاستی ئەو هەماهەنگی و هاوکارییەی ئەمڕۆ لە نێوانی ئێمە و بەغدا هەیە، تا راددەیەکی باش کاری پێدەکرێت، لەوبڕوایەشدانیم هیچ کێشەیەکیشی هەبێت، لەو سەردانەی بۆ بەغدا ئەنجاممدا، دوای ئەوە سەرۆکی هەرێمیش چووە بەغدا، ئێمە لەگەڵ بەغدا رێککەوتین لەسەر هاوکاریکردنیان بۆ ئازادکردنی موسڵ لەڕووی سەربازییەوە".

نێچیرڤان بارزانی باسی لە بەدەستهێنانی ئامانجەکان کرد لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ و گوتی: "لەو رۆژەوەی ئۆپەراسیۆنەکە دەستی پێکردووە تا ئێستا هەماهەنگییەکی باش لەگەڵ سوپای عێراقی هەیە، ئەو شوێنانەی بۆ پێشمەرگە دیاریکراون، کە دەبێت هەتا ئەو شوێنانە بچێت، خۆشبەختانە هەتا ئێستا، هەموو ئەو ئامانجانەیان بەدیهێناوە، لێرەوە جێی خۆیەتی سڵاوو رێزی خۆمان بۆ ئەو قارەمانانە بنێرین، سەرەخۆشی لە ماڵباتی ئەو شەهیدانە بکەین، هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان بخوازین".

نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر تایبەتمەندییەکانی موسڵ و گوتی: "لە راستیدا پرسی موسڵ، تەنیا پرسێکی سەربازی نییە پرسی موسڵ پرسێکی سیاسییە، دەبێت ئەم بابەتە زۆر بە جددیتر باسی لیوە بکرێتن، لایەنی سەربازی رەنگە زۆر ئاسانتر بێت، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە، دوای داعش لە موسڵ چی دەقەومێت".

نێچیرڤان بارزانی گوتی: "لێرەدا دوو شت گرنگە، برایانی ئێمە لە بەغدا بیریان بێت، یەکەم ئەوەیە داعش لە عێراق دروستبووە، داعش هەڵقووڵاوی ئەم کۆمەڵگەیە، لە ئەنجامی سیاسەتێکی هەڵە، کە لەلایەن بەغداوە پەیڕەوکراوە، ئەمە دەبێت لای هەموو لایەک روون بێت، دوای ئەوە دەبێت دیدگایەکیش بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە هەبێت، چۆن دەبێت".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی چاوەڕوانییەکانی کوردی لە عێراق کرد و گوتی: "راستیەک هەیە، ئەم وڵاتە لەسەر بنەمای سێ پێکهاتەی بنەڕەتی دروستبووە، کە ئەویش شیعە، سوننەو کوردە، ئێمە دەبێت بەدوای چوارچێوەیەکدا بگەڕێین، چۆن دەتوانین پێکەوە ئیدارە بکەین، ئێمە وەکو کورد 11 ساڵە چاوەڕێی ئەوەین دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت، باسی ماددەی 140 دەکرێت، باسی یاسای نەوت دەکرێت، هیچ مەعقول و دروستیش نییە 11 ساڵی دیکەش هەر چاوەڕێی ئەوەبین ئایا بزانین ئەو دەستوورە جێبەجێ دەکرێت یان نا؟".

گوتیشی: "دەبێت بە واقیعبینانە سەیری سیاسەت لە عێراق بکرێت، نە بە سۆز و نە بە تۆمەت دروستکردن، ئێمە کە ئەو باسانە دەکەین، ئامانجی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، دەبێت چوارچێوەیەک بدۆزرێتەوە بۆ پێکەوە ژیان لەو وڵاتەدا".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە مەترسییەکان لە سەر پێکهاتەکانی عێراق کرد و گوتی: "هەردەم لەو وڵاتەی ئێمەدا سوننە مەترسی لەسەر دواڕۆژی خۆی هەیە، شیعە ترسی هەیە لە رابردووی خۆی، ئەوەی کە بەسەری هاتووە، کورد ترسی لە رابردووی خۆی هەیە لەوەی بەسەری هاتووە، ترسی لە ئێستاو لە دوارۆژیش هەیە، ئەمە واقیعیەتی ئەو وڵاتەیە، کە پێی دەگوترێت عێراق".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "هەرجۆرە مۆدێلێک بۆ عێراقە دابنرێت، دەبێت ئەمانە لەبەرچاو بگیرێت، زۆر بەداخەوە هەتا ئێستا، ئەو گرنگییە بە مەسەلەی سیاسی و چۆنیەتی ئیدارەکردنی دوای موسڵ لە بەغداوە نابینین، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، دوای ئەوەش لە هەموو ئەو دانیشتنانەی لە هەولێر هەیبووە، تەئکیدی لەوە کردووەتەوە، کە پێویستە هەر لە ئێستاوە دەست بە دیالۆگی راستەقینە بکرێت، لە نێوان هەموو ئەو پێکهاتەنەی لە موسڵدا دەژین".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێیوایە ئەگەر موسڵ ئیدارەیەکی باش نەدرێت دۆخەکەی هەروا دەمێنێتەوە، ئەو گوتی: "موسڵ عێراقێکی بچووکە، ئەگەر سەیری موسڵ بکەین، لە پانتاییەکی زۆر بچووک دەبینی کورد، تورکمان، مەسیحی، لە تورکمان سوننەو شیعە، لە مەسیحییەکان سریان، ئاسووری و کلدان هەیە، ئەگەر هاتوو لەڕووی سیاسییەوە بۆ موسڵ ئیدارەیەکی باش نەکرێت، وای بۆدەچم ئەگەر بەو سیاسەتەی کە ئێستا پەیڕەو دەکرێت، هەر ئەو سیاسەتە بێت، ئێمە دوێنی قاعیدەکان هەبوو، ئێستا داعشمان هەیە، لە دواڕۆژیش بە دڵنیاییەوە شتێکی دیکەمان دەبێت".

سەبارەت بە هەماهەنگی پێشمەرگە و سوپای عێراق نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئاستی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی ئێمە لەگەڵ سوپای عێراقی و هاوپەیمانان زۆر زۆر باشە، لە ئاستێکدایە چاوەڕوان نەدەکرا، چونکە دوای 25 ساڵ ئێمە مۆڵەت بە سوپای عێراقی بدەین بێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستانەوە بڕوات، پێشبینی نەدەکرا ئاستی هاوکاری نێوان سوپای عێراقی و پێشمەرگە بەو شێوەیە بێت، کە ئەمە خۆی بەڕاستی جێی خۆشحاڵییە".

لە موسڵ دوو شت هەیە کە جێگەی مەترسییە، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "یەکەمیان ئەوەیە، ئێمە نامانەوێت لە موسڵ وای لێبێت شەڕەکە ببێتە شەڕێکی تائیفی یان نەتەوەیی، ئێمە وەکو کورد هەر لە رۆژی یەکەمەوە پێمانگووتن لەبەر هۆکارێکی سەرەکی نامانەوێت بچینە نێو شاری موسڵ، چونکە ئێمە نامانەوێت وایلێبێت کێشەکە ببێتە کێشەی نێوان کورد و عەرەب".

بە گوتەی سەرۆکوەزیران ئەوەی زیاتر هەڕەشە لە موسڵ دەکات "مەسەلەیەکی تائیفییە، ناکرێت وا ببینرێت کە لە موسڵدا کێشەیەکی تائیفی هەیە، ئەمە ئەمڕۆ مەترسییەکی گەورەیە لەسەر دواڕۆژی موسڵ".

نێچیرڤان بارزانی باسی هەوڵەکانی کرد لە پێناو داهاتووی موسڵ و گوتی: "ئێمە بەردەوام لە گفتوگۆداین لەگەڵ بەغدا، بە بەردەوامیش ئێمە داوای ئەوە دەکەین، کە پێویستە هەر لە ئێستاوە لیژنەیەکی هاوبەش لەسەرجەم پێکهاتەکانی نێو موسڵ پێکبهێندرێت، هەر لە ئێستاوە گفتوگۆ دەستپێبکرێن، بۆ ئەوەی بزانین دواڕۆژی ئەو شارەو پارێزگایە بەچ شێوەیەک دەبێت".

نێچیرڤان بارزانی: دوای 12 ساڵ پێکەوە ژیان لەگەڵ بەغدا ئێمە لەکوێین؟

سەبارەت بە کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا نێچیرڤان بارزانی گوتی: "پێویستە تۆزێک بۆ رابردوو بگەڕێینەوە، ئێمە ساڵی 2003 لە کوردستاندا ئیسقلالیەتی خۆمان هەبوو، راستە ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکان نەبووین، بەڵام ئێمە بە هەموو مانایەک ئیستقلالیەتی خۆمانمان هەبوو، بە ئێمەیان گوت عێراق عێراقێکی نوێیە، دیموکراتە، فیدراڵە، ئێمە بە ئارەزووی خۆمان گەڕاینەوە بۆ بەغدا، لەو سەردەمەشدا دراوی ئێمە لەگەڵ ئەو دراوەی لە عێراق بەکاردەهێنرا، جیاوازبوو".

نێچیرڤان بارزانی گوتی: "کاتێک گەڕاینەوە بۆ بەغدا رۆڵێکی ئەساسیمان بینی لە داڕشتنەوەی عێراقێکی نوێ، هەردوو سەرۆک مام جەلال و جەنابی سەرۆک بارزانی، ئەوەی پێیانکرا، بۆ ئەوەی ئەو عێراقە ببێتە عێراقی نوێ، ئێمە وەکو کورد کردوومانە، لەکاتێکدا کە کێشەی گەورە لە بەغدا هەبوو ئێمە پێشمەرگەمان ناردووەتە بەغدا بۆ ئەوەی ئەمنیەتی بەغدا بپارێزن".

سەرۆکوەزیرانی کوردستان رەخنەی تووندی لە سیاسەتەکانی بەغدا گرت و گوتی: "بەڵام ئێمە دوای 12 ساڵ ئەو پرسیارە لەخۆمان دەکەین، دەڵێین دوای 12 ساڵ ئێمە لەکوێین؟ ئەمە بۆ میللەتی ئێمە پرسیارێکە لە جێگەی خۆیەتی، ئەو پرسیارە لەخۆی دەکات، دەڵێن دوای 12 ساڵ ئێمە گەیشتینە چ خاڵێک، زۆر بەداخەوە، تاوەکو ئێستاش ئەوەی ئێمە لە بەغدا دەیبینین، مەسەلەی مەرکەزیەتە، هەموو شتێک دەبێت لە بەغدا مەرکەزی ئیدارە بکرێت، هەرچی باس بکەیت، راستەوخۆ تۆمەتبارت دەکەن بەوەی دەتەوێت لە عێراق جیا ببیتەوە، یان عێراق تێکبدەیت، لەمە زیاتر قسەی دیکەیان نییە".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە دوایین سەردانی خۆی و سەرۆکی هەرێم کرد بۆ بەغدا و گوتی: "لەو سەردانەی خۆم و دوای ئەوەی جەنابی سەرۆکی هەرێمیش چووە بەغدا، ئێمە هەوڵماندا زۆر راشکاوبین لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەکان، سەرۆکوەزیران خۆشی دانیشتبوو، کە ئێمە پێویستیمان بە دیالۆگێکی زۆر جددیە لەگەڵ ئێوە، دیالۆگێک پێکەوە دابنیشین بەبێ موجامەلە قسە لەگەڵ یەکدی بکەین، لەسەر مێزێکی دانووستاندن بەبێ موجامەلە، دانیشین باسی ئاییندەی خۆمان بکەین، ئاییندەی ئێمە لەو عێراقەدا چی دەبێت".

گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێت دڵنیابین بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕوات، ئێمە دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی 12 ساڵە بەرگەمان گرتووە بۆ ئەوەی ئەو دەستوورە جێبەجێ بکرێت، ئەم دەستوورە جێبەجێ نەکراوە".

سەرۆکوەزیران گوتی: "کاتێک سەرۆکوەزیرانی پێشوو هەستیکرد کە بەهێزە، کاری بۆ ئەوەکرد تانکەکانی بنێرێتە خانەقین، ئەوە بۆ ئێمە زەنگێکی زۆر مەترسیداربوو ئەوکاتە، ئێمە لە فیکرەکە تێگەیشتین، لە 2014 بە بیانوی ئەوەی ئێمە نەوتمان یەکلایەنە هەناردەی دەرەوە کردووە، بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی".

نێچیرڤان بارزانی رەخنەی لە حەیدەر عەبادی گرت و گوتی: "من بە جەنابی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانم گوت، جەنابیشت هەمان کارت دووبارە کردەوە، لەگەڵ ئەو سەرۆکوەزیرانەش لەسەر پشکی ئێمە رێککەوتین لەگەڵیان، رێگریان لە ناردنی 50 ملیۆن لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان کرد، ئەمەش دووبارە زەنگێکی مەترسیداربوو بۆ ئێمە کە تێبگەین، دەبێت ئێمە بیر لە ئاییندەی خۆمان بکەینەوە، بیر لە ئاییندەی نەوەی داهاتوو لەو وڵاتە بکەینەوە".

بەگوتەی سەرۆکوەزیران، پیشوازییەکان لە دەسپێشخەرییەکان باش بووە و گوتی: "ئەوەی جێگەی رێزە، هەم سەرۆکوەزیران، هەم سەرجەم ئەندامانی هاوپەیمانی نیشتمانی زۆر بە پەرۆش و گرنگییەوە سەیری ئەو دەستپێشخەرییەی ئێمەیان کرد، زۆر پێیان باش بوو، گوتیان ئێمەش پێمانوایە ئەمە پێویستییە و دەبێت بە زووترین کات دابنیشین و بیر لەو مۆدێلە بکەینەوە کە بتوانین پێکەوە بژین".

نێچیرڤان بارزانی مودێلی فیدرالیەت لە عێراق بە مودێلێکی بەسەر چوو دادەنێت و دەڵێت: "من پێموایە مۆدێلی هەتا ئێستا لە عێراق، کە ئێمە دەمانگوت فیدراڵی و دەستووری، ئەو مەرحەلەیە بەسەرچووە، تەواو بووە، هەرگیز جارێکی دیکە ئامادەنین بگەڕێینەوە بۆ 11 ساڵ پێش ئێستا، لەوێوە دەستپێبکەین، ئینجا بێینە سەر ئەوەی ئێوە ماددەی 140تان جێبەجێکرد یان نەکرد، ئێوە مۆڵەتتاندا، سادەترین نموونە ئەگەر ئێستا هەر فڕۆکەیەک بێتە کوردستان، بەبێ رەزامەندی بەغدا ناتوانێت بێت، بۆیە ئەم شتە بچووکانە کێشەی گەورەی دروستکردووە، بێ متمانەیی دروستکردووە".

نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە نامانەوێت شەڕ لەگەڵ عێراق بکەین، ئێمە نامانەوێت جارێکی دیکە تووشی شەڕ و پێکدادان ببین لەگەڵ بەغدا، بەهیچ شێوەیەک نامانەوێت ئەوە ببینین، چونکە نە لەبەرژەوەندی ئێمەیە نە بەغداش، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەمانەوێت دیالۆگێکی زۆر راشکاوانە و جددی لەگەڵ بەغدا دەستپێبکەین، دوای پرسی موسڵ، بگەینە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر ئەوەی ئاییندەی کوردستان بە چ شێوەیەک دەبێت".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "دووبارەی دەکەمەوە سەرۆکوەزیران، سەرجەم ئەندامانی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەکان پێشوازییەکی زۆر گەرمیان لەو بیرۆکەیە کرد، ئێمەش ئێستا خەریکە خۆمان ئامادە دەکەین بۆ دانانی ئەو لیژنەیە و دەستپێکردنی ئەو دیالۆگە لەگەڵ بەغدا".

​نێچیرڤان بارزانی عێراقی دوای موسڵ بە سەرەتایەکی نوێ دەبینێت و گوتی: "ئێمە عێراق وا دەبینین، جاران دەیانگوت عێراقی پێش سەدام و عێراقی دوای سەدام، ئێستا ئێمە دەڵێین عێراقی پێش موسڵ و عێراقی دوای موسڵ، بە نیسبەت ئێمە بابەتەکە ئەوەندە گەورەو گرنگە، ئێمە پێمانوایە دوای موسڵ، سەرەتایەکی نوێ لە عیراق دەستپێدەکات".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تیشکی خستەوە سەر گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا و گوتی: "ئەوەی خۆم بینیم لە بەغدا، بەدەنگاوەهاتنێک بۆ ئەو دیالۆگە هەیە، ناتوانم بڵێم دەگەینە ئەنجام، بەڵام یەک شت گرنگە، گرنگ ئەوەیە ئەوەی من بینیم ئامادەیی بۆ ئەو دیالۆگە لە بەغدا هەیە، مادام ئامادەیی هەیە، پێموایە خۆی لە خۆیدا وادەکات بە خۆشبینییەوە سەیری ئەو مەسەلەیە بکەم، چونکە ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە دەستپێکردنی ئەو دیالۆگەیە".

سەبارەت بە تێڕوانینی عەبادی لەسەر ئەو پرسە، گوتی: "ئەوەی لە جەنابی سەرۆکوەزیران عەبادیم بینی، زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەوەی ئەم گفتوگۆیە دەستپێبکات، ئێمەش زمانەکە دەبینین، ئێمە پێشتر ئەو زمانەمان لە بەغدا نەدەبینی، ئێمە ئەو بۆچوونانەشمان لە بەغدا نەدەبینی، ئێمە هەر قسەیەکمان کردبا، تۆمەتبارکردنی یەکەمی ئێمە ئەوەبووە، ئێمە دەمانەوێت عێراق سەروژێر بکەین و تێکی بدەین و هەڵی بووەشێنینەوە، لە بیریان چووە ئێمە هەموو کارێکمانکرد ئەوەی لەسەر ئێمەبوو بەتایبەتی جەنابی سەرۆک مام جەلال و کاک مەسعود، ئەوەی پێیانکرا بۆ ئەوەی ئەو عێراقە ئەو پێکهاتانە بەیەک بگەن، کردیان لەوە زیاتر ئێمە هیچی دیکەمان پێ ناکرێت".

نێچیرڤان بارزانی گوتی: "بەڵام لێرەدا یەک شت گرنگە، پرسیار ئەوەیە ئایا ئەقڵیەت لە بەغدا گۆڕاوە یان نا، ئەمە زۆر گرنگە، دەبێت ئەم ئەقڵیەتە بگۆڕدرێت، ئەگەر بەغدا وای بۆدەچێت چارەسەری کێشە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ئەوەیە کێ بەهێزەو کێ لاوازە، ئەگەر ئەو تێڕوانینەی هەیە بۆ چارەسەر، من پێموایە لە مەوادی دوور و نزیکدا چارەسەرێک نابینین".

نێچیرڤان بارزانی باسی لەو گفتوگۆکانی کرد لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی عێراق لە بەغدا و گوتی: "کاتێک چوومە بەغدا لەگەڵ برایانم نموونەیەکم بۆ هێنانەوە، گوتم ساڵی 1970 سەدام رێککەوتنی جەزائیری لەگەڵ مەلا مستەفای بارزانی ئیمزاکرد، ساڵی 1974 کە هەستی کرد بەهێزە، شەڕی لەگەڵ کرد، کە نەیتوانی کۆتایی بە شۆڕشی کورد بهێنێت، چوو لەگەڵ شای ئێران رێککەوت و نیوەی شەتولعەرەبی بە ئێراندا، ساڵی 1979 بۆ ئەوەی ئەو نیوە شەتولعەرەبە بگەڕێنێتەوە، 8 ساڵ شەڕی ئێرانی کرد، کە شەڕی ئێرانی کرد قەرزداربوو، پارەی نەبوو ناچاربوو کوەیتی داگیرکرد، ئەمە مێژووی دوێنێیە زۆر دوور نییە، ئەگەر مەنتق بۆ چارەسەر ئەوەیە، جارێکی دیکە مێژوو بەو شێوەیە دووبارە دەبێتەوە، بەڕاستی ئەم میللەتە مافی خۆی هەیە و دەبێت بەو مافەی خۆی بگات، ئێمە ئەو دیالۆگە دەستپێبکەین، پێموایە دەگەینە ئەنجام، ئەم ئەقڵیەتە دەبێت بگۆڕدرێت".

نێچیرڤان بارزانی باسی چۆنیەتی سەرهەڵدانی داعش کرد لە عێراق و گوتی: "داعش 4 ساڵ لەمەوبەر کە لە عێراق دروستبوو، یەکەمجار هاتە فەللوجە، ئەوەی لە فەللوجە روویدا مەسەلەی داعش نەبوو، هەندێک داواکاری زۆر یاسایی ئەو خەڵکەبوو، بەڵام کە پشتگوێخرا، راستەوخۆ بابەتی داعشی هاتە بەر، کە بابەتە گۆڕا بۆ داعش، هەتا ئێستاش بەردەوامە، پرسیار ئەوەیە، ئایا بەغدا بیر لەوە دەکاتەوە کە دەبێت بەڕاستی بیر لە چارەسەرێک بکاتەوە، نەک تەنیا بۆ کورد، بۆ هەموو پێکهاتەکانی دیکەی عێراق، بۆ سوننەکانیش هەتا بۆ شیعەکانیش".

بەگوتەی نێچیرڤان بارزانی "ئەم بابەتە دەبێت لەدوای موسڵ زۆر بە جددی لە بەغدا گفتوگۆبکرێت و ئێمەش بەو هیوایەن کە ئەو دیالۆگە ئێمە بگەیێنێتە ئەنجام".
Rudaw-
Top