دەزگای بارزانی كەمپێكی نوێ بۆ 7 هەزار خێزان لە خازر بنیات دەنێ

 دەزگای بارزانی كەمپێكی نوێ بۆ 7 هەزار خێزان لە خازر بنیات دەنێ
دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند لە گوندی حەسەن شام خەریکی دروستکردنی کەمپێکی نوێن کە 7 هەزار خێوەت لەخۆ دەگرێ و ئێستە 25%ی كارەكانی كەمپەكە تەواو بووە.

لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، چەند کەمپێک بۆ لەخۆگرتنی ئاوارەکان لە چەند شوێنێکی جیاواز دروست کران و ئێستەش بەشێک لە کەمپی خازر تەواو بووە و ئێوارەی دوێنێش دەستیان کرد بە وەرگرتنی ئاوارەکان و لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا نزیکەی 200 خێزان لە گوندی تۆپزاوای سەر بە شارەدێی بەرتڵە لە سنووری قەزای حەمدانییە خۆیان گەیاندووەتە لای هێزەکانی پێشمەرگە و لە کەمپی خازر بۆ ماوەیەکی کاتی نیشتەجێ کراون.

بەڕێوەبەری کەمپەکان لە دەزگای خێرخوازی بارزانی ئاماژە بەوە دەکات کە لە کۆی 6 هەزار شوێنی حەوانەوە، یەک هەزار شوێن تەواو بووە.

رزگار عوبێد بەڕێوەبەری کەمپەکان لە دەزگای خێرخوازی بارزانی گوتی "ئەو کەمپە لە 6 هەزار شوێنی حەوانەوە پێکدێت کە یەک هەزاری ئامادەیە و لە دوێنێ شەوەوە پێشوازیمان لە ئاوارەکان کردووە کە ژمارەیان یەك هەزار و 70 کەسە لە کۆی 198 خێزان لە شوێنی حەوانەوە نیشتەجێکراون کە سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی تێدایە و تەنیا کێشەی کارەبامان هەیە".

بەڕێوەبەری کەمپەکان لە دەزگای خێرخوازی بارزانی ئاماژە بەوە دەکات کە پێشبینی ژمارەیەکی زۆر ئاوارە دەکەن، بۆیە ژمارەی خێوەتەکان زۆرن و هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە لە نزیک خازر و لە گوندی حەسەن شام خەریکی دروستکردنی کەمپێکی دیکەن بۆ لەخۆگرتنی ئاوارەکان و لەمبارەیەوە گوتی "بەهۆی پێشبینییمان بۆ ژمارەیەکی زۆر ئاوارە ژمارەی خێوەتەکانمان زیاد کردووە و هاوکات لە نزیک خازر و لە گوندی حەسەن شام خەریکی دروستکردنی کەمپێکی دیکەین کە 7 هەزار خێوەت لەخۆ دەگرێ و ئەویش بەمەبەستی پێشوازیکردن لە ئاوارەکانە، مەزەندەش دەکرێ یەک ملیۆن کەس ئاوارە بن".

کەمپی خازر بە دووری 30 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای شاری ھەولێر، 6 هەزار شوێنی حەوانەوەی کاتی تێدایە و ئێستە هەزار خێوەت تەواو بووە و 198 خێزانی ئاوارەی بە شێوەیەکی کاتی تیایدا نیشتەجێکراوە.




باسنيوز
Top