تووشبووانى تالاسیمیا پێویستیان بە دەرەوەی وڵات نامێنێ
هەر لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، زانایان بیریان لە چاندنی مۆخی ئێسک کردەوە. چونکە مۆخی ئێسکی مرۆڤ زۆرترین کاریگەریی چەکە ئەتۆمییەکانی لەسەر بوو. توێژینەوەکان بەردەوام بوون و ساڵی 1968 یەکەمین سەرکەوتنی گەورە و بەرچاوی پرۆسەی چاندنی مۆخی ئێسک لە مرۆڤدا تۆمار کرا، لە کوردستانیش تازە پرۆسەکە دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو بووە.
مۆخى ئێسک چۆن دەچێنرێ؟
پزیشکێکی پسپۆڕ وردەکاریی پرۆسەی چاندنی مۆخ بۆ (رووداو) روون دەکاتەوە، چونکە وەک ئەو گوتی "هەندێک کەس تاوەکو ئێستاش وادەزانن چاندنی مۆخ بریتییە لە چاندنی مێشک".
د.دانا عومەر، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن، بە (رووداو)ی گوت "سەرەتا نەخۆشییەکە بە دەرمان کۆنترۆڵ دەکەین. پاشان پشکنینی وێکچوون لەنێوان شانەکانی جەستەی ئەو و خوشک و براکانی دەکەین و لە کامەیانەوە زۆرترین لێکچوونی هەبوو، خوێنەکە وەردەگرین و دایکەخانەکانی لێ جیادەکەینەوە و لە 8 پلەى ژێر سفردا لە نایترۆجینی شلدا هەڵیدەگرین. دواتر بە دەرمانی کیمیایی تەواوی مۆخی ئێسکی نەخۆشەکە لەنێودەبرێ و مۆخە وەرگیراوەکەی بۆ دەگوێزرێتەوە و دەکرێتە خوێنی. پاشان دایکەخانە گواستراوەکان دەچنە مۆخی ئێسکی نەخۆشەکە و دەست بە دروستکردنی خانەی ئاسایی و تەندروستی خوێن دەکەن".
بۆ کام تووشبووى تالاسیمیایە؟
دکتۆر دانا دەڵێ هەموو ئەوانەی تالاسیمیای گەورەیان هەیە، دەتوانن سوود لە چاندنی مۆخ وەربگرن، بەڵام سێ خاڵ هەن کە راددەی سەرکەوتوویی پرۆسەکە دیاری دەکەن، واتە تاوەکوو کەمترینی ئەو خاڵە لە کەسێکی تووشبووی تالاسیمیا هەبێ، راددەی سەرکەوتنی چاندنی مۆخ زۆرترە، ئەوانیش بریتین لە:
یەکەم: تەمەنی سەرووى 16 ساڵ بێت.
دووەم: بوونى ئاسنی زیادە و نیشتنی لە شانەکانی لەشدا.
سێیەم: کێشەى هەوکردنى ڤایرۆسی جگەرى نەبێت.
دوای ئەنجامدانی پرۆسەکەیش هەندێک مەترسی هەن، وەکوو شکستهێنانی سەرگرتنی پرۆسەکە و بە جەنگهاتنی خانە گواستراوەکان و خانەکانی جەستەی نەخۆشەکە. ئەگەر ئەوانە روونەدەن، ئەوە کەسی تووشبووی تالاسیمیا بە یەکجاری چاک دەبێتەوە و چیدی بە تووشبووی تالاسیمیا دانانرێ.
پێنج ساڵە کاری بۆ دەکرێ
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەڵێ پێنج ساڵە پڕۆژەی چاندنی مۆخی ئێسک لە سلێمانی لە بەرنامەدایە و ئێستا بەرنامەکە جێبەجێ دەکرێ.
د.دۆستى نەجات، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى هیوا بە (رووداو)ى گوت "پرۆژەکە شەش ملیۆن دۆلاری بۆ خەرج کرابوو، پێنج ملیۆن دۆلاریان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەک ملیۆن دۆلاریش لەلایەن سندووقی شێرپەنجەوە تەرخان کرا".
وەک د.دۆستى گوتی، ئەوان وەکوو نەخۆشخانەی هیوا ماوەی ساڵێکە سەنتەرەکەیان وەرگرتووە و بە هاریکاریی حکومەتی ئیتاڵیا توانیویانە پارەی پێویست دابین بکەن بۆ راهێنانی کارمەندانی کوردستان و هێنانی تیمی بیانی و کڕینی ئامێری پزیشکی "ئاگادار بووین کە حکومەتی ئیتاڵیا 300 هەزار یۆرۆی بۆ فریاگوزاری لە عێراق تەرخانکردووە، ئێمەش پڕۆژەیەکمان پێشکەشی کونسوڵی ئیتاڵیا لە هەرێمى کوردستان کرد، بۆ ئەوەی ئەو پارەیە تەرخان بکرێت بۆ تەواوکردنی سەنتەری چاندنی مۆخ و ئەوانیش رەزامەندییان دەربڕی".
ساڵانە 100 کەس چاک دەکاتەوە
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەڵێ تاوەکو ئێستا چاندنی مۆخی ئێسک بۆ حەوت کەس کراوە. دوو دانەی دواییان بەهۆی ئەوەی دایکەخانەکان لە جەستەی کەسانی دیکە وەرگیراون نەک جەستەی خودی کەسەکە، دەبێتە پرۆسەیەک کە یەکەمینجارە لە سەرتاسەری عێراق بکرێ.
بە گوتەی پزیشک و کارگێڕانی سەنتەرەکە، پزیشکە ئیتاڵییەکان گوتوویانە کواڵێتی خزمەتە تەندروستی و پزیشکییەکانی ئەو سەنتەرە لە ئاستی سەنتەرە هەرە پێشکەوتووەکانە. د.دۆستی دەڵێت "کواڵیتی ئەوەی ئێمە، لەوەی هیندستان و ئوردن و تورکیا باشترە".
بەپێی پلانی سەنتەرەکە، ساڵانە چاندنی مۆخ بۆ 100 کەس دەکرێ و هەڵبژاردنی حاڵەتەکانیش بڕیارێکی تەواو زانستییە.
ملیۆنان دۆلار بۆ حکومەت دەگێڕێتەوە
د.میران محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی، بە (رووداو)ى گوت "پێشتر لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لەسەر بودجەی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان 70 منداڵی تووشبووی تالاسیمیامان ناردبووە دەرەوەی وڵات بە مەبەستی چاندنی مۆخی سووری ئێسک کە تێچووی چارەسەری هەریەکەیان 57 هەزار دۆلار بوو، ئێستا کە لە سلێمانی بیکەین، تێچووی هەریەکەیان ناگاتە 20 هەزار دۆلار".
خۆبەخش بەڕێوەى دەبەن
دکتۆر خاڵس قادر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان بە (رووداو)ى راگەیاند، سەنتەرى چاندنى مۆخى ئێسک بۆ هەموو کوردستانە و پێویستیان بە سەنتەرى دیکە نابێ. بەڵام د.دۆستى نەجات، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەڵێ ئەو تاقە سەنتەرە پێویستى بە یارمەتییە، بە تایبەتى دابینکردنى مووچە بۆ کارمەندانى سەنتەرەکە.
د.دۆستى گوتى "سەنتەرێکی ئاوا گرنگ تاوەکو ئێستا بە 30 کارمەندی خۆبەخش بەڕێوەدەچێ، داوا لە حکومەت دەکەین مووچەیان بۆ دابین بکات، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بتوانین بەردەوام بین ."
رووداو
