عوسمان بایدەمیر: باشووری کوردستان چەقی چارەنووسمانە
لە دووەمین رۆژی سیێیەمین دیداری مێری لە شاری هەولێر (چوارشەممە 26-10-2016 )، عوسمان بایدەمیر، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بەشداری پانێلێك كرد و گوتەیەكی پێشكەشكرد.
عوسمان بایدەمیر، كە هاوكات سەرۆکی پێشووی شارەوانی گەورەی ئامەدبوو، لە دیداری مێری رایگەیاند "دەستخۆشی لە قارەمانی پێشمەرگە دەکەم لە شەڕی تیرۆر و پاراستنی خاکی کوردستان. هیوای سەلامەتی بۆ بریندارەکان دەخوام، پێشمەرگە لە شەڕی موسڵ قارەمانی و سەرەوەری گەورەی تۆمارکردووە".
پەرلەمانتارەکەی هەدەپە ئاماژەی بەوەشکرد "ئەوەی ئێستا روودەدات لەناوچەکە وامان لێدەکات کە ئێمەی کورد هەموومان بەیەکەوە یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بین، باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا چاویان لە باشووری کوردستانە، چونکە ئێمە هەموومان بەیەکەوە یەک قەدەرمان هەیە و دەبێت بەیەکەوە رووبەڕووی قەدەرەکە ببینەوە".
عوسمان بایدەمیر دەڵێت "باشووری کوردستان چەقی چارەنووس و دوارۆژمانە. دەبێت هەموومان بەیەکەوە لە باشوور کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستین و منیش داوا لە هەموو لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستان دەکەم، کە رۆژهەڵات، رۆژئاوا و باکوور بەتەنیا جێنەهێڵن و لەگەڵمان بن. ئازادی کەرکووک، هەولێر و سلێمانی ئازادی باکووری کوردستان و 40 ملیۆن کەسە".
بایدەمیر گوتیشی "ئێمە هەموومان بەیەکەوە دەتوانین بەرەو ئامانجە نەتەوەییەکەمان بچین و قەدەر و ژیان و چارەنووسمان بەیەکەوەیە. هەموومان بەیەکەوە دەتوانین ئاییندەیەکی باشتر بۆ نەوەکانمان دابین بکەین".
رووداو
