چۆن داعش لە موسڵ تێك دەشكێت؟ "ئۆباما بەڵێنەکەی دەباتە سەر"
پێشمەرگە ئێستا لە بەردەم شارۆچکەی باشیک جگە لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ژمارەیەک گوند، شەش گوندیشی گەمارۆداوە و چاوەڕێ دەکرێت بەم زووانە کۆنتڕۆڵ بکرێنەوە. سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە لە سنووری موسڵ داعشی لەنێو موسڵ شپرزە کردووە، چەکدارانی رێکخراوەکە چەندە ژمارەیان لە دەوروبەری موسڵ زیاتر دەبێت ئەوەندە خێراتر بەرامبەر پێشمەرگە تێک دەشكێن .
گۆڤاری ئێکۆنۆمیستی بەریتانی'' لە راپۆرتێکدا بەناونیشانی چۆن خەلافەتەی داعش لەناو دەبرێت، باسی هەنگاوەکانی نزیکبوونەوەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی موسڵ دەکات و دەڵێت:" کۆتایی دەسەڵاتی داعش لە موسڵ نزیک بووەتەوە ."
دەقی راپۆرتەکە
سەرچاوە: گۆڤاری ئێکۆنۆمیست
ئۆباما بەڵێنەکەی دەباتە سەر
دوای دوو ساڵ، لە کۆتاییدا باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا خەریکە بەڵێنەکەی دەباتە سەر، لە بەرەبەیانی رۆژی ١٧ــی ئەو مانگە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ دەستیپێکرد و ئەو پلانەی کە ماوەیەکی درێژ بوو داندرابوو جێبەجێ کرا، لە شەڕی موسڵ سوپای عێراق، پێشمەرگە، میلیشیا شیعەکان هێزی تایبەتی ئەمریکا و هاوپەیمانان بەشدارن، هەموو ئامانجێک ئەوەیە موسڵ ئەو شارە داعش" خەلافەتی" تێدا راگەیاند لە دەستی رێکخراوەکە کۆنتڕۆڵ بکرێتەوە، هەرچەندە رەنگە رەگی داعش تا ماوەیەک بمێنێتەوە، بەڵام خەریکە خەلافەتەکەیان لەگەڵ زەوی بکرێتە یەک .
هەرچەندە گومانی لاواز هەن کە داعش موسڵ بێ شەڕ چۆڵ بکات، بەڵام ئێستا مشتومڕی ئەوە هەیە، ئایا شکانی داعش لە موسڵ کۆتایی توندڕەوەکانە یان بەشێکی دیکەیە لە ئاڵۆزییەکانی پشت بەهاری عەرەبی و شەڕی تیرۆر، ئەگەر سەرکردەکانی عێراق سەقامگیری بۆ عێراقی دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵیان دەوێت، دەبێت بەشدارییەکی هاوبەش و راستەقینە بە سوننەکان بکەن لە پرۆسەی سیاسیدا.
ئەگەر پلانی گرتنەوەی موسڵ وەک خۆی بڕوات، کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ نەک تەنیا ملیۆنێک خەڵکی سڤیل لە دەستی دڕندایەتی و تاوانەکانی داعش رزگار دەکات، بەڵکو جیهانیش دەبووژێتەوە و شەڕی تیرۆر دەچێتە قۆناغێکی دیکە، هەرچەندە دەگوترێت داعش دوای موسڵ شەڕ دەباتە ئەو دیوی سنوورەکان، بەڵام ئەوە گومانێکی لاوازە، چونکە رێکخراوەکە ئەگەر شارێکی گەورەی وەک موسڵی لە دەست نەبێت تواناکانیشی کەمدەبنەوە، ئەگەر داعش موسڵ لە دەست بدات، زۆر درۆی رێکخراوەکە کە بۆ چەکدارانی کردووە، ئاشکرا دەبێت و ریزەکانی تێک دەچێت، خاکی ژێر دەستی کەمدەبێتەوە و گوشاری زۆری بۆ دروست دەبێت .
دەبێت ئەوە بگوترێت کە هەفتە و مانگەکانی داهاتوو ئاسان نابن، کەس ناتوانێ پێشبینی ئەوە بکات شەڕی موسڵ چۆن دەبێت، بەڵام رەنگە داعش وەک کۆتایی ساڵی رابردوو لە رومادی شەڕ بکات، ئەوەش بەشی زۆری شارەکە وێران دەکات و هەموو خەڵکەکەشی ئاوارە دەبن، یانیش چەکدارانی داعش بەوەندە رادەگەن، کە لە شارەکە رابکەن وەک چۆن لە مانگی حوزەیران هەمان شت لە فەللوجە روویدا، ئەوە لەکاتێکدا بەشێکی زۆری سەرکردەکانی ئەو رێکخراوە لە موسڵ کۆبوونەتەوە و بەغدادیش بەپێی زانیارییەکان شارەکەی بەجێهێشتووە .
لە شەڕی موسڵ دەبێت هەموو شتێک لەبەر چاو بگیرێت، نابێت موسڵ ببێتە حەلەبێکی دیکە کە فڕۆکە رووسیەکان بە ئارەزووی خۆیان بۆردوومانی دەکەن، لە بری ئەوە دەبێت هەموو ئامانجێک دیاری بکرێت، نابێت رێگە بدرێت خەڵکی سڤیل ببنە قوربانی و ئەو ناوچانەیشی کۆنتڕۆڵ دەکرێنەوە بەباشی بەڕێوە ببرێن، هەروەها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێتە هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ خەڵکی شارەکە زیاد بکات، بۆ ئەوانەی ئاوارە دەبن و ئەوانەشی لە شارەکە گیریان خواردووە .
" نابێت شیعە حوکمی موسڵ بکات"
قۆناغی گرنگتر لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ، بەڕێوەبردنی شارەکەیە، دەبیت رێگە نەدرێت شیعە هەیمەنە و دەسەڵاتی موسڵی لە دەست بێت، هەروەها نابێت شارەکە لەلایەن چەکدارانی شیعە گەمارۆ بدرێت، موسڵ شارێکی زۆرینە سوننەیە و مافی خۆیەتی جۆرێک لە خۆرێبەری هەبێت، لە نێویشیاندا پێدان و دابینکردنی مافی هەموو پێکهاتەکانی وەک کورد و مەسیحی و ئێزدی و تورکمانەکانە، ئەو پێکهاتانە دەبێت هەمووی پارێزراو بن، لەوەش گرنگتر ئەوەیە موسڵ دەستی ئەوانەی نەگاتی کە هەوڵی تۆڵەکردنەوە لە شارەکە دەدەن .
هەرچەندە رەنگە هەموو ئەو ئامانجانە بەدی نەیەت، بەڵام ژیرانە دەبێت ئەگەر دەرچەیەک بۆ داعش بکرێتەوە لە شارەکە بچێتە دەرەوە و چەکداران بچنە سووریا، ئەمەش بۆ ئەوەی شەڕی زۆر و کوژراوی زۆر لە شەڕی موسڵ روونەدات، بەهای کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ بە خێرایی و بێ شەڕ و رژانی خوێن زۆر زیاترە لە هەوڵی کوشتنی هەندێک چەکداری داعش کە لە هەر کاتێک بیانەوێت دەچنە رەققە .
بەهۆی ئەوەی عێراق ١٣ ساڵە لەنێو شەڕ و ئاڵۆزی دایە، چانسێکی دیکەی هەیە دووبارە خۆی بنات بنێتەوە، بەو مەرجەی ئەو هەلە لەدەست نەدات، ئەو جارەش نابێت بەڕێز ئۆباما و سەرکردەکان هەر لە زووەوە بڵێین سەرکەوتین، ناشبێت پەلە بکەن لە کشانەوە لە عێراق و بەجێهێشتنی وڵاتەکە بەتەنیا .
Hawler-
