تائێستا زیاتر لە ٣٥٠٠ کەس لە دەوروبەری موسڵ ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون
سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند تائیستا زیاتر لە ٣٥٠٠ کەس لە خەڵکی ناوچەکانی دەوروبەری موسڵ پەنایان بۆ هەریمی کوردستان هێناوە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (ناوەندی هەواڵی ئازاد)، هۆشەنگ محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەریمی کوردستان ئاشکرای کرد لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ تا ئەمڕۆ ٣٥٥٠ هاووڵاتیی ئەو ناوچانە ئاوارە بوون و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرددوە. ئەو سەرچاوەیە وتیشی، سەرجەم ئەو کەسانە لە کەمپەکانی تایبەت بە ئاوارەکانی موسڵ لە سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک نیشتەجێ کراون و پێداویستیی سەرەتاییان بۆ دابین کراوە.
سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێشوازی لە ئاوارەکانی شەڕی موسڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ بە (ناوەندی هەواڵی ئازاد)ی ڕاگەیاند کە دە کەمپی نوێ بۆ نیشتەجێکردنی ئاوارەکانی موسڵ لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت و لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا کارەکانیان تەواو دەبێت و ٣٨٥٠٠ خێزان کە دەکاتە نزیکەی ٢٢٠ هەزار کەس لەخۆ دەگرێت. سەرچاوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەروەها پێشبینی کرد بەهۆی شەڕی ناوشاری موسڵ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ژمارەیەکی زیاتری خەڵکی شارەکە ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و ڕوو لە هەریمی کوردستان بکەن و ئەو ژمارەیە بگاتە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا (دۆچەڤێلە) بڵاوی کردەوە کە مانگی سووری تورکیا ٢٠ ترێلەی لە کەلوپەل و جلوبەرگ و خۆراکی لە ڕێی خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیلەوە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی بەسەر ئاوارەکانی شەڕی موسڵدا دابەش بکرێت. وەک سەرچاوە ئەڵمانییەکە باسی کردووە بڕیارە مانگی سووری تورکیا دەیان کامیۆنی دیکەی هاوکاریی سەرەتایی بۆ ئاوارەکانی موسڵ ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات.
Hawler-
