پێشمەرگە هێرشێكی بەرفراوانی داعشی لە شنگال تێكشكاند

 پێشمەرگە هێرشێكی بەرفراوانی داعشی لە شنگال تێكشكاند
سەرپەرشتیاری میحوەری شنگال رایگەیاند، لە سەركەوتنی یەكجارەكی نزیكبووینەتەوە و فەرمانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە هەموو خاكی پیرۆزی كوردستان ڕزگاردەكرێت. روونیشی كردەوە، پەكەكە لە شنگال بووەتە كێشەیەكی زۆر گەورە بۆ خەڵكی ناوچەكە و بۆ هێزە ئەمنییەكان، ئەوان هیچ ڕۆڵێكیان نیە لە پاراستنی شنگالدا، ئەو شەڕانەی لە ناوچەكە دەكرێن ئەوان تێدا بەشدار نین و لە خەودا ماونەتەوە، بۆیە هیوادارین پەكەكە پێداچوونە بە سیاسەتی خۆیدا بكات و نەبنە كێشە و دەست نەخەنە ناو كاروباری هەرێمی كوردستان و ناوچەكە چۆڵ بكەن.



سەربەست لەزگین، سەرپەرشتیاری میحوەری شنگال بۆ "هەولێر" گوتی: پێشتر زانیاریمان هەبوو لەسەر هێرشەكەی شنگال و بە وردی چاودێری جموجۆلەكانی داعشمان دەكرد لە سنوورەكە، تیرۆریستان نیازی ئەوەیان هەبوو هاوشێوەی هێرشەكەی سەر شاری كەركووك دزە بكەنە نێو شارۆچكەی شنگال و داگیری بكەنەوە، بۆیە كە هێرشەكەیان دەستپێكرد، پێشمەرگە زانیاری وەرگرتبوو و بە توندی وەڵامی هێرشی داعش درایەوە و ئەوانەی هێرشبەربوون هیچیان نەگەڕانەوە و پیلانەكەیان لەناو برا.


گوتیشی: بۆ ماوەیەكە باسی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ و رووخانی داعش لەو شارە دەكرێت، ئەوە چەند رۆژێك بوو داعش چەند بەرنامەیەكی بە دەستەوە بوو، كە وەك كارتێك بەكاربهێنن، بەهۆی ئەو فشارەی لەلایەن هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەسەریانە، هێزی پێشمەرگە بە شێوەیەكی زۆر ڕێك و پێك توانیویانە بەو ئامانجە بگەن كە شەڕی بۆ دەكەن، دیارە كارتی شنگالیش ئامادە كرابوو و ماوەیەك بوو پێوەی خەریك بوون، دوێنێ كاتژمێر 5ـی بەیانی بە درێژای 40 كیلۆمەتر هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە، بەڵام هێرشەكەی ئەوان تێكشكێندرا و زیاتر لە 20 كەلەخی ئەوان لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕ كەوتوونە، جگە لەوەی ئەوانەی بە فرۆكەی هاوپەیمانان كوژراون، هەروەها هەموو ئەو ئامێرانەی پێیان بوو لە لایەن پێشمەرگەوە لەناو بران.
سەربەست لەزگین، ئەوەشی گوت: داعش بە چەكی هاوەن، بیكەیسی و دۆشكە هێرشەكەیان كرد، پردی سەفەریشیان هێنا بوو بۆ ئەوەی لە خەندەقەكانی پێشمەرگە بپەڕنەوە، بەڵام هیچیان پێ نەكراو دوای 3 سەعات شەڕ، كەس بە سەلامەتی نەگەڕایەوە و هەموویان كوژران.


سەرپەرشتیاری میحوەری شنگال، زیاتر دەڵێ: لە سەركەوتنی یەكجاری نزیكبووینەتەوە و فەرمانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە و هەموو خاكی پیرۆزی كوردستان ڕزگاردەكرێت لە تیرۆرستانی داعش و ئەو ناوچانەی لە شنگال ماون ئەوانیش لە داهاتوودا پاكدەكرێنەوە، بەرنامە و پلان دانراوە و تەنیا ماوە جێ بەجێ بكرێت.


سەربەست لەزگین، سەرپەرشتیاری میحوەری شنگال ئەوەشی دركاند، پەكەكە لە شنگال بووەتە كێشەیەكی زۆر گەورە بۆ خەڵكی ناوچەكە و بۆ هێزە ئەمنییەكان، ئەوان هیچ ڕۆڵێكیان نیە لە پاراستنی شنگالدا، ئەو شەڕانەی لە ناوچەكە دەكرێن ئەوان تێدا بەشدار نین و لە خەودا ماونەتەوە، بۆیە هیوادارین پەكەكە پێداچوونە بە سیاسەتی خۆیدا بكات و نەبنە كێشە و دەست نەخەنە ناو كاروباری هەرێمی كوردستان و ناوچەكە چۆڵ بكەن.


لەزگین، ئەوەشی خستەڕوو، خەڵكی ئێمە، بەتایبەتی برایانی ئێزدی نایانەوێت چارەنووسی خۆیان بخەنە دەست حزبێكی وەك پەكەكە، ئەوان پەكەكە بە مەترسی دەزانن لەسەر داهاتووی شارەكە، 90% خەڵكی شنگال داوا دەكەن پەكەكە لە ناوچەكە نەمێنێت و دەست لە شنگال بەردەن، بۆ ئەوەی خەڵكی ناوچەكە بگەڕێنەوە و ناوچەكە ئاوەدان بكرێتەوە.


سەبارەت بە شەهیدكردنی هەر دوو كارمەندی ڕێگاوبانی دهۆك، بەرپرسی میحوەری شنگال رایگەیاند، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەسەر شەهیدكردنی ئەو دوو كارمەندە پێكهێنراوە و كارەكانی خۆی دەكات، بەڵام ئەوانەی ئەو كارەیان كردووە لەژێر پەردەی پەكەكە ئەو كارەیان كردووە".
Hawler-
Top