ئامینە زکری: لەسەر پێشنیازی پارتی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆ دەبنەوە

 ئامینە زکری: لەسەر پێشنیازی پارتی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆ دەبنەوە
لەسەر پێشنیاری پارتی دیموكراتی كوردستان لەو ڕۆژانەدا فراکسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە هەولێر لەبارەی دەستبەكاربوونەوەی پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبنەوە؛ جێگری سەرۆكی فراکسیۆنی پارتی دەڵێ، كاتی كۆبوونەوەكە دیار نییە، بەڵام بەبێ یوسف محەمەد دەكرێت.



(ئامینە زكری) جێگری سەرۆكی فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی ڕاگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ڕابردووی فراکسیۆنەكانی پەرلەمان لە نووسینگەی سلێمانیدا هەلوێستی پارتی دیار بوو كە هەر كۆبوونەوەیەك یووسف محەمەدی تێدا بێت ئێمە وەك فراکسیۆنی پارتی بەشداری ناكەین و هەر وایشەمان كرد و بەشداریمان نەكرد، چونكە لای ئێمە یووسف محەمەد تەواو بووە و سەرۆكی پەرلەمان نییە."



ئامینە زكری ئەوەشی خستە ڕوو: "پارتی ڕژدە لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێشنیارێكمان دابوو بە فراکسیۆنەكان، ئەویش كۆبوونەوەی فراکسیۆنەكان لە پەرلەمانی كوردستان بەبێ ئامادەبوونی یووسف محەمەد، دیارە ئەو پێشنیارە لای فراکسیۆنەكانیش پەسەندە و ئێستا كار بۆ كۆبوونەوەی فراکسیۆنەكانی نێو پەرلەمان دەكرێت، بەڵام دیار نییە كەی دەكرێت."



لەبارەی ئەوەی پارتی لای خۆیەوە هەوڵی داوە بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان لەكاتی ئامادەبوونی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران جێگری سەرۆكی فراکسیۆنی پارتی دەڵێ: "پارتی هەوڵی وەهای نەداوە تاكلایەنە كۆبوونوە بكرێت؛ لە یەکەم كۆبوونەوەی فراکسیۆنەكاندا دانوستان لەبارەی دەستبەكاربوونەوەی پەرلەمان دەكرێت."
KDP-
Top