"یەکێتیی ئەورووپا پاڵپشتی پێشمەرگەن"

لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق، جەختی لەوە كردەووە كە وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا پاڵپشتی پێشمەرگەن لە شەڕی دژی داعش و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵدا.

ڕۆژی سێشەممە 25ـی 10ـی 2016 لە سەلاحەدین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پاتریك سیمۆنێت باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق سەرۆك بارزانیی لە بڕیار و بۆچوونی یەكێتیی ئەورووپا لەمەڕ ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ ئاگادار كردەوە و جەختی لەوە كردەووە كە وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا پاڵپشتی پێشمەرگەن لە شەڕی دژی داعش و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵدا.
هەروەها دەستخۆشی لە ئازایەتی و پێشڕەوییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەبوو لە شەڕی دژی داعش. باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا ئەوەیشی خستەڕوو كە یەكێتیی ئەوروپا بە بایەخەوە سەیری پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات و ئاستی نوێنەرایەتیی خۆی لە هەرێمی كوردستان بەرز كردووەتەوە.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا نیگەرانییەكانی یەكێتیی ئەورووپا لە قۆناغی دوای داعش و پێویستی بوونی پلانی سیاسیی هاوتەریب لەگەڵ پلانی سەربازیی ئازادكردنی موسڵ تاوتوێ كرا و سەرۆك بارزانی جەختی لە پاراستن و پێدانی دڵنیایی تەواو بە پێكهاتەكان كردەوە بە تایبەت ئێزیدی و مەسیحییەكانی پارێزگای نەینەوا.

لەبارەی پەلاماری ڕۆژی هەینیی ڕابردووی تیرۆریستان بۆ سەر شاری كەركووك سەرۆك بارزانی سوپاسی خەڵكی خۆڕاگری شاری كەركووك و دەزگە ئەمنییەكانی كرد كە قارەمانانە ڕووبەڕووی تیرۆریستان بوونەوە و ڕایگەیاند كە هەرگیز خەڵك شاری كەركووك و گەلی كوردستان ڕێگە نادەن كەركووك و كوردستان بێتە بنكەیەك بۆ تیرۆریستان

پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ و بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو.
kdp-
Top