ئاشتی هەورامی: پێش ئەوەی نەوت هەناردە بکەین بوودجەی هەرێمی كوردستان بڕدرابوو
پانێڵێكی تایبەت بە قەیرانی دارایی هەرێم و عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 25/10/2016 بەڕێوە چوو، تێیدا ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی کوردستان، ڕوونكردنەوەی لەبارەی پڕۆسەی نەوتی هەرێم دا.
هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ساڵی 2014 بەبێ ئەوەی ئێمە هیچ نەوتێكمان فرۆشتبێت، حكوومەتی عێراق و نووری مالیكی بوودجەی هەرێمی كوردستانیان بڕی و ئینجا لێشاوێك ئاوارە گەیشتنە كوردستان و شەڕی دژە تیرۆریش بەرۆكی گرتین".
لەبارەی بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، ئاشتی هەورامی، ئەوەی خستەڕوو: "بەشێكی زۆری كێڵەگە نەوتییەكان كەلە سنوورەكاندان لە ساڵی 2014ەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگە بەرهەم هاتووەكان و وەستاوە و بیری تازەش لێنەدرا".
لەبارەی فرۆشتنیش وەزیری سامانە سروشتییەكان گوتی: "كۆمپانیا جیهانییەكان 30 ملیار دۆلاریان لە كەرتی نەوتی خەرج كردووە و ئێمە لە کەرتی نەوتدا 40 ملیار دۆلارمان داهات هەبووە، كە نیوەی دراوەتە وەزارەتی دارایی و نیوەكەی تریش زیان بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە لە دابینكردنی سووتەمەنی بۆ كارەبا و هاووڵاتیان كە نزیكەی بیست و پێنج ملیار دۆلاری تێچووە".
گوتیشی: "ئێمە ئێستا كێشەی قەرزەكانی كۆمپانیا و بانكە ئەهلییەكانمان هەیە، بە داهاتی ئێستای نەوت ناتوانین قەیرانی دارایی تێپەڕێنین، هەرچی ڕێككەوتنیشە لەگەڵ عێراق سەربارەی ئەوەی مایەی ئومێدە وەك هەماهەنگی، بەڵام ئەو ڕێككەوتنەش نابێتە هۆی تێپەڕینمان لە قەیرانی دارایی".
باسنیوز
