بارزانی سوپاسی ھاووڵاتیانی شاری کەرکووک و دەزگا ئەمنییەکان دەکات

 بارزانی سوپاسی ھاووڵاتیانی شاری کەرکووک و دەزگا ئەمنییەکان دەکات
ئەمڕۆ، لە سەلاحەدین سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 25/10/2016 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە پاتریک سیمۆنێت باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق کرد و لە دیدارەکەدا باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، بارزانی لە بڕیار و بۆچوونی یەکێتیی ئەورووپا لەمەڕ ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ ئاگادار کردەوە و جەختی لەوە کردەووە کە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە شەڕی دژی داعش و ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ، پاڵپشتی پێشمەرگەن.

ھەروەھا باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، دەستخۆشی لە ئازایەتی و پێشڕەوییەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژی داعش ھەبوو، ھاوکات ئەوەشی خستەڕوو کە یەکێتیی ئەوروپا بە بایەخەوە سەیری پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکات و ئاستی نوێنەرایەتیی خۆی لە ھەرێمی کوردستان بەرز کردووەتەوە.

ھەر لەم کۆبوونەوەیەدا نیگەرانییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە قۆناغی دوای داعش و پێویستی بوونی پلانی سیاسیی ھاوتەریب لەگەڵ پلانی سەربازیی ئازادکردنی مووسڵ تاوتوێ کرا و بارزانی جەختی لە پاراستن و پێدانی دڵنیایی تەواو بە پێکھاتەکان کردەوە بە تایبەت ئێزیدی و مەسیحییەکانی پارێزگای نەینەوا.

لەبارەی پەلاماری ڕۆژی ھەینیی ڕابردووی تیرۆریستان بۆ سەر شاری کەرکووک، بارزانی سوپاسی خەڵکی خۆڕاگری شاری کەرکووک و دەزگە ئەمنییەکانی کرد کە قارەمانانە ڕووبەڕووی تیرۆریستان بوونەوە و ڕایگەیاند: "ھەرگیز خەڵکی شاری کەرکووک و گەلی کوردستان ڕێگە نادەن کەرکووک و کوردستان بێتە بنکەیەک بۆ تیرۆریستان".











باسنيوز
Top