بارزانی: گەلی کوردستان ھیچ کات نابێتە لایەنێک لە ململانێی تایفی
ئەمڕۆ، سیشەممە 25/10/2016 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە ستێفان لۆفێن، سەرۆک وەزیرانی سوید و شاندێکی یاوەری کرد و لە دیدارەکەدا سەرۆک وەزیرانی سوید، خۆشحاڵیی خۆی بە سەرکەوتن و پێشڕەوییەکانی ھێزی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕی دژی تیرۆریستان نیشان دا.
ھاوکات سەرۆک وەزیرانی سوید، جەختی لە پاڵپشتیی و پابەندبوونی درێژخایەنی وڵاتەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە کردەوە و ڕایگەیاند: "حکوومەتی سوید بە نیازە ژمارەی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی لە ھەرێمی کوردستان زیاتر بکات".
ھەروەھا ستێفان لۆفێن، پێزانینی ھەبوو بۆ ئاستی ھەماھەنگی و کاری ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا و سەرەخۆشیشی لە بارزانی و کەسوکاری ئەو پێشمەرگانە کرد کە لە شەڕی تیرۆردا گیانی خۆیان فیدا کردووە و شەھید بوونە، ئەوەشی خستەڕوو کە وڵاتەکەی ڕێزی بۆ مێژوو و قوربانیدانی گەلی کوردستان ھەیە و ھەوڵەکانی بارزانی و ھێزی پێشمەرگەی بۆ پاراستنی پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بەرز نرخاند.
لەبەرانبەردا بارزانی، بە گەرمی بەخێرھاتنی سەرۆک وەزیرانی سوید و شاندی یاوەری کرد، سوپاسی گەل و حکوومەتی سویدی کرد کە لە ساڵانی ڕابردوو یارمەتی گەلی کوردستانیان داوە و بوونەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ خەڵکی کوردستان و پێزانینی خۆیشی بۆ ڕۆڵی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی سوید نیشان دا لە مەشق و ڕاھێنانی پێشمەرگە.
لە درێژەی گوتەکانیدا بارزانی باسی لە مێژوو و نەھامەتییەکانی گەلی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر خەڵکی کوردستان و پێکھاتەکان کرد.
وێڕای ئاماژەدانیش بە بایەخی ئازادکردنی مووسڵ بۆ ھەرێمی کوردستان جەختی لە پێویستی بوونی پلانێکی سیاسی کردەوە بۆ ڕێگەگرتن لە سەرھەڵدانی کێشەکان و پاراستنی پێکھاتەکان بە تایبەت ئێزیدی و مەسیحییەکانی پارێزگای نەینەوا.
بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو کە گەلی کوردستان ھیچ کات نابێتە لایەنێک لە ململانێی تایفی، ھەروەھا ئەوەیشی دووپاتکردەوە کە ھاوکات لەگەڵ شەڕی سەربازی دەبێ شەڕی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی تیرۆریستان بکرێت.
ھەر لەم کۆبوونەوەیەدا شاندی میوان نیگەرانییەکانی خۆیان لەمەڕ قۆناغی دوای داعش و چارەنووسی پێکھاتەکان بۆ بارزانی باس کرد.
دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەکە و ھەروەھا ڕەچاوکردنی مافی ئافرەت و بەشداریی کارای ئافرەت لە ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا تەوەرێکی تری ئەم دانیشتنە بوو..
باسنيوز
