رێککەوتنێکی نوێ لەنێوان ھەولێر و بەغدا دەکرێت
دوێنێ دووشەممە، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٧ ی عێراق کرد، کە پشکی ھەرێمی کوردستان لە پرۆژەکەدا بە ١٧% جێگیر کراوە.
ئەحمەد حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، دیاریکردنی رێژەی بودجەی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٧ی عێراق ھیچ گرنگییەکی بۆ کوردستان نابێ، چونکە ئەو پڕۆژەیە سەبارەت بە کوردستان ھەمان ئەو رێککەوتنەی ھەولێر و بەغدای تیادا کۆپی کراوەتەوە، گوتی: "ھەولێر و بەغدا ئەو رێککەوتنە جێبەجێ ناکەن".
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستە ڕوو، کە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پابەندی ئەو رێککەوتنە بێت لەگەڵ بەغدا، پێویستی بە ٨٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتە لە رۆژێکدا، چونکە ھەرێمی کوردستان بەپێی ئەو رێککەوتنانەی کردوویەتی لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت، دەبێ پارەی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی رادەست بە کۆمپانیاکان بکات، تا حەقەبەشیان لە رێککەوتنەکان تەواو دەبێت، لەلایەکی دیکەشەوە دەبێ ٥٥٠ ھەزار بەرمیل رادەست بە عێراق بکات، ئەوەش بۆ ئێستای ھەرێمی کوردستان زەحمەتە، گوتی: "پێدەچێت رێککەوتنێکی نوێ لەنێوان ھەولێر و بەغدا بکرێت".
بەپێی دوا بەیاننامەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەناردەی نەوت بۆ مانگی ٩ی ئەمساڵ، ٥٦٥ ھەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تێکڕا نرخی ھەر بەرمیلێک نەوتی ھەرێمی کوردستان بە ٣٦.١٠ سەنت فرۆشراوە و زیاتر لە ١٦ ملیۆن و ٩٤٤ ھەزار بەرمیل نەوت بە بۆڕی ھەناردە کراوە و داھاتی نەوت بۆ ئەو مانگە ٦١١ ملیۆن و ٧٦٤ ھەزار دۆلار بووە.
ھەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، حکوومەتی ھەرێم بڕی ٧٥ ملیۆن و ٧٧٣ ھەزار دۆلاری داوە بە کۆمپانیاکان، ھەروەھا بڕی ١٨٨ ملیۆن و ٣٧٦ ھەزار دۆلاریش قەرزی داوەتەوە و بڕی ٢٠ ملیۆن دۆلاریشی بۆ پترۆدۆلار و خەرجییەکانی تر خەرج کردووە و لە کۆتاییدا تەنیا ٣٢٧ ملیۆن و ٦١٤ ھەزار و ٩٦٩ دۆلاری بۆ ماوەتەوە.
لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقدا، بڕی بودجەی عێراق بۆ ساڵی داھاتوو بە ١٠٠ ترلیۆن و ٦٧ ملیار دینار خەمڵێندراوە، نرخی بەرمیلێک نەوتیش تیایدا بە ٤٢ دۆلار دیاریکراوە و ئاستی ھەناردەی نەوتی رۆژانەش سێ ملیۆن و ٧٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتە بە ٥٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێمی کوردستان و کەرکووکەوە.
لەمبارەوە شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ھەرێمی کوردستان لەم قۆناغەدا ھەموو نەوتەکەی ناداتە بەغدا، گوتیشی: "پێشبینی دەکرێ ھەرێمی کوردستان ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی خۆی بداتە (سۆمۆ)، ئەوەی دیکەش خۆی بیفرۆشێت".
بەپێی ماددەیەکی پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٧، دەبێت ھەرێمی کوردستان رۆژانە ٥٥٠ بەرمیل نەوت لە رێگەی سۆمۆوە ھەناردە بکات، لەو ٥٥٠ ھەزار بەرمیلە ٢٥٠ ھەزار بەرمیلی ھەرێمی کوردستان و ٣٠٠ ھەزار بەرمیلەکەی دیکەش لە کەرکووکەوە بێت.
بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد، بەپێی ئەو رێککەوتنە نوێیەی کە ئێستا ھەولێر و بەغدا دەیانەوێ لەسەر رێکبکەون، بەغدا پابەند دەکات بە ناردنی بڕی ٨٠٠ ملیار دیناری مانگانە، لەبەرامبەر بەو بڕە نەوتەی کە وابڕیارە ھەرێمی کوردستان رادەست بە عێراقی بکات، لەگەڵ رێگەدان بە عێراق بە فرۆشتنی نەوتی کەرکووک کە ئێستا ٧٥ ھەزار بەرمیلی بۆ کوردستان و ٧٥ی دیکەشی بۆ عێراق دەفرۆشرێ، کە وابڕیارە لە ساڵی نوێدا ئەو بڕە بۆ ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت بەرز بکرێتەوە و لەسەر ئەوەش رێککەوتن بکرێ.
د. تاریق گەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی راگەیاندووە: لە دواکۆبوونەوەیان لەگەڵ جەبار لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق وەکو لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق، چەندین پرسیاریان ئاراستەی وەزیر کردووە و لەبارەی ھەرێمی کوردستانیشەوە گوتوویەتی: "لە دەرفەتێکی نزیکدا لەگەڵ شاندێکی باڵای وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی ھەولێر دەکەن، بە مەبەستی ئەوەی لە نزیکەوە گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنی پەیوەندیدار بکەن تا چارەیەک بدۆزنەوە و بودجەی ھەرێمی کوردستانیش بخرێتەوە نێو یاسای بودجەی ٢٠١٧ـی حکوومەتی عێراقەوە".
جێی باسە، لە ساڵی ٢٠١٣ پێش بڕیاری بڕینی بودجەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقەوە، ساڵانە بڕی ١٣ ملیار دۆلار بودجە لە بەغداوە بۆ کوردستان دەھات، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ بڕەکە کەمکرایەوە و لە ٢٠١٥ و ٢٠١٦ بەغدا ھیچ بڕە پارەیەکی بە کوردستان نەداوە.
باسنيوز
