وەزارەتی پەروەردە هۆشداریی بە قوتابییان دەدات

 وەزارەتی پەروەردە هۆشداریی بە قوتابییان دەدات
بەپێی بڕیارێکی وەزیری پەروەردە، ھەر قوتابییەکی ھەرێمی کوردستان ماوەی ٣٠ رۆژ لە خوێندن داببڕێت، ئەوا خوێندنی ئەمساڵی بۆ ئەژمار ناکرێت. سەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشکرای دەکات، بڕیارەکە لە حاڵەتی بایکۆتکردنی دەوامی قوتابخانە جێبەجێ ناکرێت.



نیاز حەمەلاو، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند، وەزیری پەروەردە لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ لیژنەی پەروەدەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی،‌ بڕیارێکی وەزارەتەکەی بۆ ئاشکرا کردوون.



لەبارەی بڕیارەکەوە گوتی: "پشتیوان سادق،‌ وەزیری پەروەردە پێی ڕاگەیاندووین کە بەپێی بڕیارێکی وەزارەت ھەر خوێندکار و قوتابییەک ماوەی ٣٠ ڕۆژ لە خوێندن داببڕێت ئەوا خوێندنی ئەو ساڵەی بۆ ئەژمار ناکرێت".



بۆ خوێندنی ئەمساڵ ملیۆنێک و ٨٠٠ ھەزار قوتابی لە سەرەتایی تا ئامادەیی لە قوتابخانەکانی کوردستاندا ھەن، کە وا زۆربەی ئەو قوتابییانەی لە پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیانن، بەھۆی بایکۆتەوە دەوام ناکەن.



نیاز حەمەلاو ئاماژەی بەوەدا، بڕیارەکەی وەزیری پەروەردە لە حاڵەتی بایکۆتکردنی دەوام جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو لە حاڵەتی ئاسایی و یاسایی دەوامی قوتابخانەکان جێبەجێ دەکرێت، گوتیشی: "کە دەوام ئاسایی بێت و قوتابییەک ٣٠ رۆژ دەوام نەکات ئەوا ئەو ساڵەی بۆ ئەژمار ناکرێت، بەڵام لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان دەوام ئاسایی نییە و مامۆستایان دەوام ناکەن، بۆیە لەو حاڵەتەدا قوتابییان لە بڕیارەکە بەدەر دەکرێن، ئەگەرچی ئەو مەترسییەش لەسەر قوتابییان ھەر ھەیە".



سەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی روونی کردەوە، داوایان لە وەزیری پەروەردە کردووە ھەوڵەکانیان زیاتر بکەن بۆ ئەوەی داواکاریی مامۆستایان جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی دەرگای قوتابخانەکان بکرێنەوە و قوتابییانیش خوێندنیان لەدەست نەچێت، گوتیشی: "مەترسی لەسەر قوتابییانی ١٢ی ئامادەیی دا ھەیە، ئەگەر دەوام دەست پێ نەکات ئەوان زیانیان بەردەکەوێت و لە کۆتایی ساڵدا کێشەکانیان زۆرتر دەبن."



سەبارەت بەو بڕیارەی وەوزیری پەروەردە، بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە کرد، لەگەڵ ئەوەی زانیارییەکەی رت نەکردەوە، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبوو قسە لەسەر ئەو بابەتەدا بکات.



باسنیوز
Top