وەزیری دەرەوەی لۆگزامبۆرگ پێشوازیی لە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان كرد
فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا سەردانی وەزارەتی دەرەوی لۆگزامبۆرگی کرد و لە لایەن –ژان ئاسلبۆرن وەزیری دەرەوەی هۆلەندا و گەورە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی لۆگزامبۆرگ پێشوازیان لێکرا. لە میانەی دیدارەکەدا باس لە بارودۆخی هەنووکەیی هەرێمی کوردستان و ئۆپێراسیۆنی ئازادکردنی موسل و پەیوەندیەکانی نێوان هەردوولا کرا.
وەزیری دەرەوەی لۆگزامبۆرگا خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانەکە راگەیاند و وێرای جەخت کردنەوە لە پیشتوانی و هاویکاری وڵاتەکی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە و گەلی کوردستان هاوکات ستایشی هەرێمی کوردستان و رۆڵی پێشمەرگە و گیانفیداکاری کرد لە رۆلی قارەمانانەیان بەرامبەر
بە تیرۆریستان. لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی لۆگزامبۆرگ تاوتۆ کران و لەوبارەیەوە هەردوولا هاورا بوون لە سەربەهێزکردنی پەیوەندیەکانی نێوانیان لە بواری سیاسی وئابووری و دیپلۆماسی و داوا کرا کە وەزیری دەرەوەی لۆگزامبۆرگ رۆلی خۆی بگیرێت بۆ گەیاندنی پەیامی هەرێمی کوردستان بە ناوەندەکانی یەکێتی ئەوروپا و لەوێش پشتگیری زیاتری کوردستان بکات. هەر لە چوارچێوەی هاریکاری هێزی پێشمەرگە وەزیری دەرەوەی لۆگزامبۆرگ بەڵێنی دا بەشێک لە پێشمەرگە بریندارەکانی کوردستان لە خۆی بگرێت بە مەبەستی چارەسەر کردن و بۆ ئەم مەبەستە رێکارە پراکتیەکان تاوتۆ کران.
لە کۆتاییدا وەزیری دەرەوەی لۆگزامبۆرگ رایگەیاند کە بڕیارە لە ئایەندەکی نزیک سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
جێگەی ئاماژە پێدانە کە یەکەم پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و لۆگزامبۆرگ بۆ ساڵی ٢٠١٤ دەگەریتەوە وەزیری دەرەوەی لۆگزامبۆرگ ساڵی پار لە سەر بانگێشتی فەرمی بەرێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە وەڵامدا بەرێز فلاح مستەفا یەکەم وەزیری هەرێمە کە سەردانی لۆزامبۆرگ دەکا.
Hawler-
