لەشەڕی موسڵدا فڕۆكەكانی هاوپەیمانان نزیكەی دوو هەزار موشەكیان ناوە بەداعشەوە
ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی لەسەرەتای دەستپێكردنی شەڕی موسڵەوە زۆرترین بۆردومانی پێگەكانی داعشیان كردووە ئەوەش بۆ هاوكاریو پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستانو هێزە عێراقییەكان لەپێشڕەوییەكانیان بەرەو شاری موسڵ.
شەڕی ئازادكردنەوەی موسڵ هەفتەیەك تێدەپەڕێنێتو هاوشانی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەكان، فڕۆكەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەڕابەرایەتی ئەمریكا بۆردومانی چڕی پێگەكانی داعش لەناو موسڵو دەرەوەی موسڵ دەكات.
برێت ماكگۆرك نێردەی تایبەتی باراك ئۆباما لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئەمڕۆ لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتویتەر بڵاویكردەوە كە لەماوەی هەفتەی رابردوودا هاوپەیمانان زۆرترین جار بۆمبارانی داعشیان كردووە بەشێوەیەك لەهیچ ماوەیەكی لەو شێوەیەدا پێشتر داعش بەو شێوەیە بۆردومان نەكراوە.
"هاوپەیمانان لەسەرەتای دەستپێكی شەڕی موسڵەوە لە 17ی مانگەوە 1776 موشەكیان ئاراستەی داعش كردووە" جەنەراڵ جۆن دۆریان وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش بۆ كەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریكی وای وتووە.
بەهۆی ئەو هێرشانەوە، 136 پێگەی شەڕی داعش وێران كراون، هەروەها 18 تونێل، 82 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، 26 ئۆتۆمبێلو 60 پارچە چەكو هاوەن كراونەتە ئامانج.
ئەمڕۆ فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكانی عیراق كە لە تەواوی هێزە ئەمنییەكان پێكدێت لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند تائێستاو لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی شاری موسڵ 78 گوند و ناوچە ڕزگار كراون.
"هێرشەكان سەدان چەكداری داعشیان كوشتووە كە هەوڵیاندەدا رێگریی بكەن لەپێشڕەوییەكانی هێزە عێراقییەكان بۆ ئازادكردنی موسڵ" جۆن دۆریان وا دەڵێت.
دوای ماوەیەكی زۆر لەئامادەكارییو گفتوگۆكردن شەڕی موسڵ 17ی ئەم مانگە دەستیپێكرد كە ئامانجی سەرەكیی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری موسڵە كە ماوەی زیاتر لەدوو ساڵە لەژێر دەستی رێكخراوی داعشدایە، شەڕی موسڵ بەگەورەترین شەڕ دادەنرێت لەساڵی 2003وە كە لەعێراق كرابێت.
Xandan-
