ئەنجوومەنی ئاسایشى ههرێم دەستگیركردنی 5 ئەندامی دیكەی داعش و كوژرانی سەركردەیەكی لە كەركووك راگەیاند
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەستگیركردنی پێنج ئەندامی داعش و كوژرانی سەركردەیەكی ئەو گرووپەی لە كەركووك راگەیاند، كە رێنیشاندەری چەكدارانی داعش بووە، كە هێرشیان كردە سەر ئەو شارە.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 24-10-2016 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان راگەیێنداوێكی بڵاوكردەوە و بەوێنەوە "دەستگیركردنی پێنج ئەندامی داعشی راگەیاند، كە هاوكاری گرووپەكەیان كردووە بۆ ئەنجامدانی هێرشەكەی رۆژی هەینی 20-10-2016ی كەركووك".
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان راشیگەیاندووە "ئەبو قەدامە، بەرپرسی سەربازگەیەكی داعش لە حەویجە، كە رێنیشاندەری چەكدارە داعش بووە لە هاتنەناوەوەیان بۆ شارەكە، ئەمڕۆ كوژاوە".
دەقی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان:-
لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، بۆ ئاشكراكردن و دەستگیركردنی ئەنجامدەر و هاوكارانی هێرشە تیرۆریستییەكەی رۆژی هەینی كەركووك، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی كەركوك، توانرا پێنج تیرۆریست لەناو شاری كەركوك دەستگیربكرێن:
بەناوەكانی (وسام محمود محمد سلیم ناسراو بە ابو وچاح) و (مروان فیصل محمد سلیم) و (عمار فیصل محمد سلیم) و (رعد فیصل محمد سلیم) و (عبد فیصل محمد سلیم) كە هاوكاری چەكدارانی گروپی تیرۆریستی داعش بوون، لە هێرشەكەی ڕۆژی هەینی ڕێكەوتی (21/10/2016)ـی شاری كەركوك.
لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە و زانیارییە هەواڵگرییەكان، دەركەوت برایەكی تیرۆریستی دەستگیركراو (ابو وچاح) بەناوی (سلام محمود محمد سلیم البیاتی) ناسراو بە (ابو قدامە) یەكێك بووە لە بەرپرسە سەربازییەكانی گروپی تیرۆریستی داعش لە حەویجە و بەرپرسی چەكدارانی بەشداربووی هێرشەكەی ڕۆژی هەینی كەركوك بووە، لەبەرئەوەی ناوبراو پێشتر لە كەركوك ژیاوە، بۆتە ڕێنیشاندەری چەكدارە تیرۆریستەكان لە هاتنەناوەوەیان بۆ شارەكە، لە هەمانكاتدا ئەركی دەستبەسەرداگرتنی باڵەخانەی پارێزگای كەركوكی لە ئەستۆ بووە.
دوای بەرپەرچدانەوەی هێرشە تیرۆریستیەكەی داعش، لەلایەن دەزگا ئەمنیەكانی كەركوكەوە، تیرۆریستی ناوبراو خۆی لە نزیك چەمی خاسە حەشاردا بوو، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكان شوێنی خۆحەشاردانی دەستنیشانكرا و لە ئۆپەراسیۆنێكی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی كەركوك، ئێوارەی ئەمڕۆ، تیرۆریست (ابو قدامە) گەمارۆدرا و دواتر لە رووبەرووبونەوەیەكدا، كوژرا.
Kurdistan-
