2016-10-23 میدیا جیهانییهكان:هێزەکانی پێشمەرگە ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند
لەڕاپۆرتێکدا (گاردیان) نوسیویەتی لە لێوارەکانی دەشتی نەینەوادا بەسەدان هەزار عێراقی لە نەتەوە و ئاینی جیاواز ژیانیان بەئاشتی و پێکەوەیی بەسەردەبرد بەڵام داعش بەزۆر خاکەکەیانی داگیرکرد و خەڵکەکەیان بەشێکی کوژراو بەشەکەی دیکەیشی بەزۆرەملێ کۆچی کرد، ئەوە دوو ساڵە ئەو ناوچەیە لەژێر ستەمی داعشدا دەناڵێنێت، تەنها ئومێدی گێڕانەوەی ئەو ناوچانە لەدەستی پێشمەرگەدایە و، وە هەڵمەتەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو ناوچانەدا سەرکەوتنی تیادا بەدیدەکرێت.
ئەو ناوچەیە کە هەزار ساڵە خەڵکەکەی بەئاشتی و تەبایی پێکەوە دەژین، توراسێکی گورەی هەیە. ناوچەی باکوری عێراق، ڕۆژهەڵات و باکوری موسڵ ئەو ناوچەیە ناوچەیەکی دێرینی مێژوویی گەلی عێراقە کە داعش ئەو هەستی پێکەوە ژیانەی بەبێڕەحمی تێکشكاند بەڵام هێزەکانی پێشـەرگە بەتۆڵەوە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو جارێکی دیکە ئەو ناچانەیان گێڕایەوە و داعشیان لەو ناوچانە تێكشکاند.
ئەوێ زێدی کۆمەڵگاکانی مەسیحی و شەبەک و یەزیدی و تورکمانەکانە، ئەفسەرە کوردەکان دوای ڕزگارکردنەوەی ئەو ناوچانە بە خەڵکەکەیان ڕاگەیاند ئیدی هەرگیز جارێکی دیکە ڕێگا نادەنەوە داعش دەستی بگاتەوە ئەو ناوچانە و، وە لەدوای ئازادکردنەوەیشی هەوڵدەدەین ئاشتی و تەبایی و پێکەوەیی جاران بۆ ئێرە دابین بکەینەوە.
هێزەکانی پێشمەرگە باش ئەوە دەزانن کە سەندنەوەی ناوچەکان لە لەدەستدانیان قورسترە، ئەوان بەخوێن و بازووی خۆیان ئەو ناوچانە لەدەستی داعش ڕزگاردەکەنەوە، ئەوان هەوڵدەدەن ژیان بۆ ئەو ناوچانە بگێڕنەوە. ڕۆژانە و بەبەردەوامی ئۆتۆمبیلی پڕ لەپێشمەرگە دەگەنە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ لەباکوری موسڵ، پێشمەرگەکان دەکرێنە ئامانجی هاوەن و بۆمب و مینەکانی داعش بەڵام هەرگیز سڵ لە بۆمب و هاوەنەکانی داعش ناکەنەوە و لەپێشڕەویدان.
لەهێڵی پێشەوەی باشیقە، چەکدارەکانی داعش لە چاڵەکان و ژێر زەمیندا خۆیان حەشاردابوو کاتێک بەسەدان پێشمەرگە گەیشتنە سەریان و بەرەو ڕوویان بونەوە، کاتێک تێکشکێنران ئێستا ئەو چاڵانە لەلایەن هێزەکان پێشمەرگەوە بۆ شاڵاوبردنە سەر داعش بەکاردەهێنرێن. داعش بەردەام هەوڵدەدات تاکتیکی بۆ شەڕەکان هەبێت و لەڕێگای سوتاندنی نەوتی ڕەشەوە دەیەوێت ئاستی بینایی کەمبکاتەوە تاوەکو دوكەڵ بە ئاسماندا بڵاوبکاتەوە بۆ ئەوەی شوێن و پێگەکانیان نەبینرێن، یان لەو دوكەڵە دەرفەت وەربگرن و لەو ڕێگایەوە شاڵاو بکەنە سەر هێزەکانی
پێشمەرگە، بەڵام ڕۆژی پێنجشەممە ئەو هەوڵەشیان سەرینەگرت و ئیشی نەکرد و سودی نەبوو کەوتنە بەر شاڵاوی هێرشی هێزەکان و، فڕۆکەکانی هاوپەیمانان.
شەڕەکە ڕێک لەدەرەوەی گوندی باشیقە بوو، داعش بەرگری دەکرد، ئەوان تەقەی چڕ وپڕ و دواتر شاڵاوی بە ئۆتۆمیلی بۆمبڕێژکراو و پڕ لە تەقەمەنیەوەیان ئەنجامدەدا و دەیانویست بەر لە پێشڕەوی پێشمەرگە بگرن بەڵام سەرکەوتوو نەبون.
ڕاپۆرتەکەی گاردیان لەبەشێکی دیکەیدا باسی گوڕوتینی پێشمەرگەیەکی بەتەمەنی کردوە لەبەرەکانی پێشەوەی شەڕدا و نوسیویەتی، کاتێک هێزەکانی پێشمەرگە بریندارەکانیان ڕەوانەدەکردەوە، پێشمەرگەیەکی بەتەمەن لەکەناری لاڕێیەکە ڕاوەستابوو، هانی پێشمەرگەکانی هێزەکەی دەدا و دەیگوت، ئێوە نۆبڵن (خانەدانن)، ئێوە خودان شەڕەفن، ئێوە بۆ ئامانجێکی مەزن تێدەکۆشن و دەجەنگن.
لەو کاتەدا داعش بەردەوامبوو لە تەقە و بەرگری بەرانبەر پێشمەرگە بەڵام ئەو پیاوە بەتەمەنە بەردەوام بوو لەهاندانی هێزەکانی پێشـمەرگە و پێی دەگوتن ئەوانە دوژمنی بێڕەحمن، ئێوە مێژوییەکی دوورو بەردرێژتان لەگەڵ بەرخوداندا هەیە بڕۆن و تێکیان بشكێنن، بۆ پێشەوە.
شیاوی باسکردنە، دەنگدانەوەی ئازایەتی پێشمەرگە لە میدیاکانی جیهاندا هەر لەسەرەتای جەنگی داعشەوە بوەتەهۆی پێگەییەکی پشتیوانی نێودەوڵەتی گرنگ بۆ گەلی کورد و دەروازە و تێڕوانێنێکی دیکە سەبارەت بەدۆزی ڕەوای گەلی کوردستان.
لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هێزەکانی پێشـەرگە بەشێک لە گوندەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی موسڵیان کۆنتڕۆڵکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکەی (گاردیان) تێکەڵکردنەوەی ئەو ناوچانە لەگەڵ ناوچەکانی باشوری موسڵ کە هێزەکانی سوپای عێراقی لەوێ شەڕدەکەن، پێکەوە ڕێگا خۆشکەردەبن بۆ چونە ناو موسڵ و شەڕی ناو شارەکە.
بەپێی سەرچاوەییەک لە هێزەکانی پێشمەرگە کە بەڕاپۆرتەکەی ڕاگەیاندوە، ئەوان بەنیاز نین بچنە ناو موسڵەوە، ئەو بەرپرسەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێت، ڕۆڵی چونە ناو موسڵ بۆ هێزەکانی سوپای عێراقی بەجێدەهێڵن، هێزەکانی پێشمەرگە تەنها ئەو ناوچانە ئازاددەکەنەوە کە خاکی کوردستانن وپێشتر سەدام لە کوردی داگیرکردوون.
ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ لە (١٧) ی ئەو مانگەوە دەستیان پێکردوە، هێزەکانی پێشمەرگە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی موسڵ، هەروەها هێزەکانی عێراقیش لە باشوری شارەکەوە پێشڕەوی باشیان کردوە و بەردەوامن، هێزەکانی هاوپەیمانانیش ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕن لەئاستی ڕاوێژکاری و دابینکردنی پێداویستیە سەربازییەکان و، هەروەها هێرشە ئاسمانیەکاندا، بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسە باڵا و سەربازییەکانی شەڕەکە، کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ نزیکەی دوو مانگێک دەخایەنێت.
Hawler-
