لەوەتەی ئۆپەراسیۆنی موسڵەوە 70 ئافرەت و منداڵی ئێزیدی ئازاد كراون
لە سەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنەوەی موسڵەوە، 70 ئافرەت و منداڵی كوردی ئێزیدی رزگار كراون، لەنێو ئەوانەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەبارمتە گیرابوون.
سەرچاوەیەكی ئاگەدار بۆ (باسنیوز) رایگەیاند كە داعش ژمارەیەك لەو ئافرەت و منداڵە كوردە ئێزیدییانەی رفاندوویانن، بەر لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە لە موسڵەوە بۆ شاری رەقە لە سووریا گواستووەتەوە، بەڵام هێشتا ژمارەیەكیان لەنێو شاری موسڵدا ماونەتەوە.
سەرچاوەكە روونیشی كردەوە كە هێشتا 3600 كوردی ئێزیدی لەلای داعش دەست بەسەرن و ئەوان پەیوەندییان بەژمارەیەكیانەوە كردووە و لە سەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنەوەی موسڵەوە تا ئێستە 70 ئافرەت و منداڵی كوردی ئێزیدی رزگار كراون.
هاوكات هەندێك لە دانیشتووانی موسڵ ئاماژەیان بەوە كردووە كە ژمارەیەك لە ئافرەتە كوردە ئێزیدییەكان هێشتا لەنێو موسڵن.
Bas News-
