ڕێباز بێرکۆتی: تۆمارە ڤیدیۆییەکە پەیوەندی بە کۆسرەت ڕەسول عەلی و لیواکەیەوە نییە
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئاشکرای کرد، ئەو تۆمارە ڤیدیۆییەی لەلایەن عەبدوڵای کوێخا موبارەک، هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان و چەکدارەکانیەوە بڵاو کراوەتەوە، پەیوەندی بە کۆسرەت ڕەسول عەلییەوە نییە.
پاش ئەوەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک، هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، تۆمارە ڤیدیۆییەکەی بڵاو کردەوە و لەگەڵیدا ئاماژەی بەوە کرد کە کارەکەیان لەلایەن لیوای 3ی تایبەتیی کۆسرەت ڕەسول عەلی و هێزێکی خۆبەخشی عەبدوڵای کوێخا موبارەکەوە ئەنجام دراوە. ئەمڕۆ دووشەممە 24\10\2016، ڕێباز بێرکۆتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”من بە فەرمی لێدوان لەسەر ئەو بابەتە دەدەم“. ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”ئەو تۆمارە ڤیدیۆییەی بڵاو کراوەتەوە، دوور و نزیک، هیچ پەیوەندییەکی بە کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هێزەکانی کاک کۆسرەت و لیواکەیەوە نییە“.
ڕێباز بێرکۆتی ئەوەشی بۆ (باسنیوز) ئاشکرا کرد: ”هەر ئەمڕۆ، بەدوای ئەو کەسانەدا دەنێردرێت و ڕادەستی دادگای سەربازی دەکرێن“.
لەو تۆمارە ڤیدیۆییەدا کە مەحمود کوێخا موبارەک، برای عەبدوڵای کوێخا موبارەک، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، هەرچەندە پێشمەرگە نییە، لەنێو هەمەرێکی پێشمەرگەدا، بەهاوکاریی کەسێکی دیکە، لە دیلێکی داعش دەدەن و زانیاری لێ وەردەگرن، بەڵام لە دەقیقەی 1:53 چرکەی ڤیدیۆکەدا، تۆمارەکە دەوەستێندرێت و تێبینی دەکرێت لەو کاتەدا بە چەکدارەکەی داعشیان گوتبێت کە هێزەکانی پارتی تۆمەتبار بکات.
Bas News-
