پێشمەرگە لە ناوەران گوندێک و ٥٠ کەسی لە دەست داعش رزگار کرد

پێشمەرگە لە ناوەران گوندێک و ٥٠ کەسی لە دەست داعش رزگار کرد



فەرماندەی ھێزەکانی زێڕەڤانی لە میحوەری ناوەران، لیوا سالار تەیمور شێخکی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ، ئەمرۆ ھێزەکانی پێشمەرگە گوندێکی دیکەی بە ناوی چەمچی لە میحوەری ناوەران کۆنترۆڵکردەوە و ئاماژەی بەوەش کرد کە داعش بەھیچ شێوەیەک توانای بەرگریکردنی نەبوو، ژمارەیەکیان کوژران و ژمارەیەکی دیکەیش بەبێ بەرگریکردن لە ناوچەکە ھەڵھاتن".



ئەو فەرماندەیەی ھێزەکانی زێرەڤانی لە میحوەری ناوەران گوتیشی: "رزگار کردنی ئەم گوندە لە پلانی ئۆپەراسیۆنی ٢٠ی ئەم مانگەدا بوو، بەڵام لەبەر بوونی خەڵکی سیڤیل کۆنترۆڵکردنەوەی ئەم گوندەمان بۆ ئەمڕۆ دواخست، ئەمڕۆ لە کاتی کۆنترۆڵکردنەوەی گوندی چەمچی لە میحوەری ناوەران ھێزەکانی پێشمەرگە ١٢ خێزانی دانیشتووی گوندەکەیان رزگار کرد و بە رێزگرتن و پێشوازییەکی زۆرەوە رەوانەی ناوچەیەکی دوور لە شەڕ و رووبەڕوو بوونەوە کراون".



ھەر لەبارەی ئەو ١٢ خێزانەوە ئەو فەرماندەیە گوتیشی: "ئەو ١٢ خێزانانە لە کاتی ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ ناوچەکە نەیانتوانیووە ناوچەکە جێبھێڵن و خۆیان لە دەست زوڵمی تیرۆرستانی داعش رزگار بکەن، ئەو ١٢ خێزانانە ژمارەیان ٥٠ کەس دەبێت و پیاو و ژن و منداڵ و کەسانی بەساڵاچووشیان لەگەڵدایە، رێگەشمان بەو ١٢ خێزانەدا کە مەڕ و سەروەت سامانی خۆیان لەگەڵ خۆیاندا بھێنن".



لیوا سالار باسی دەستکەوتەکانی ھێزی پێشمەرگە دەکات و دەڵێت: "لە کاتی کۆنترۆڵکردنەوەی گوندی چەمچی لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە چەندین چەکی جۆری تۆپ و بیکەیسی و نارنجۆکی دەستی تیرۆریستانی داعشمان دەستکەوت و بە گشتی ئەو چەکانەی دەستمان کەوت لە جۆرەکانی چەکی قورس و مامناوەند و چەکی سووک بوون".



شێخکی لەبارەی دانیشتووانی گوندی فازڵییەی نێوان میحوەری ناوەران و باشیک دەڵێت: " گوندی فازڵییە لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگە لە گشت لاوە گەمارۆ دراوە، ھەرچەند زانیارییمان بەدەستەوەیە کە داعش لەو گوندەدا ھەڵھاتوون، بەڵام ئێمە بۆ پاراستنی زیاتری ھێزەکانمان ئامادەکاریمان کردووە نەوەک حاڵەتێکی نەخوازراو رووبدات، چونکە ناکرێت پێشبینی بکەین کە داعش لە گوندەکە نەماوە".



فەرماندەی ناوبراو لە درێژەی لێدوانەکانی دەشڵێت: "تەواوی دانیشتووانی گوندی فازڵییە ئاڵای سپییان لەسەر بان و بەر دەرگای خانووەکانیان ھەڵکردووە، ئەمەیش وەک ئاماژەیە تاوەکو ھێزەکانی پێشمەرگە جیایان بکەنەوە لە تیرۆرستانی داعش و نەکەونە بەر گولـلـەی ھێزەکانی پێشمەرگە و بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانێتی دژی داعش، ھێزەکانی پێشمەرگەیش وەک رەوشتی ھەمیشەیی بە ئەرکی خۆی دەزانێت لە کاتی شەڕ و پێکدادان گیانی ھاووڵاتییانی سیڤیل بپارێزێت".



فەرماندەی ھێزەکانی زێڕەڤانی لە میحوەری ناوەران، لیوا سالار تەیمور شێخکی گوتیشی: "ھێزەکانی پێشمەرگە لە ھەوڵدان ماڵ بە ماڵ و کۆڵان بە کۆڵان پشکنین بۆ گوندەکە ئەنجام بدەن ئینجا بە جوانترین شێوە ئەو ھاووڵاتییانەی دانیشتووی گوندی فازڵییە رزگار بکەن کە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدا ژیان بەسەر دەبەن، بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی ھێزەکانی پێشمەرگە و ھاووڵاتییان لە بۆمبە چێندراوەکانی تیرۆریستانی داعش، بەڕیوەچوونی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی گوندەکە بەسستی بەڕیوەدەچێت".
Payamner-
Top