بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی: حزبەکان جورئەتیان نییە بە ئاشکرا بڵێن دژی بایکۆتین
کەمێک لەمەوبەر (دووشەممە 24\10\2016)، پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد کە مەترسی لەسەر ئەمساڵی خوێندنی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی هەیە و تاوەکوو ئێستا قوتابییان بە قوتابییانی قۆناغە کۆتاییەکانیشەوە، دەستیان بە دەوام نەکردووە. بۆیە داوای لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان کرد، بچنەوە قوتابخانەکانیان و بەپێویستیشی زانی، مامۆستایانی ئایینی و ڕێکخراوەکانی دیکە و لایەنەکان هانی گەڕانەوەی مامۆستایان بۆ هۆڵەکانی خوێندن بدەن.
وەزیری پەروەردە جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان هەوڵی جددی بۆ دەست پێ کردنەوەی دەوام لە سلێمانی دەدەن و گوتی: ”وەزارەتی دارایی نین، بەڵام فشار بۆ باشترکردنی بارودۆخی دارایی مامۆستایان دەکەین. ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان پارەی هەبێت، دەبێت بۆ مامۆستا خەرجی بکات“.
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، "دڵشاد عومەر"، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئەوەی ئاشکرا کرد: ”حزبەکان جورئەتیان نییە بەیاننامەیەک دەربکەن و بڵێن دژی بایکۆتین، پەروەردە لە سلێمانی لەسەر لێواری مەرگە“.
باسنیوز
