سەڵاح دەلۆ: هەندێک دەیانەوێت بابەتی تۆمارە ڤیدیۆییەکە بخەنە ئەستۆی لیواکەی کاک کۆسرەت
پاش ئەوەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک، هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، تۆمارە ڤیدیۆییەکەی بڵاو کردەوە و لەگەڵیدا ئاماژەی بەوە کرد کە کارەکەیان لەلایەن لیوای 3ی تایبەتیی کۆسرەت ڕەسول عەلی و هێزێکی خۆبەخشی عەبدوڵای کوێخا موبارەکەوە ئەنجام دراوە، سەلاح دەلۆ، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، ڕایگەیاند: ”ئەوەی کراوە، سیناریۆیەکی خراپ بووە و ناکرێت بەبێ لێکۆڵینەوە، ئەو بابەتە کۆتایی پێبهێنرێت“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "هەموو کەس دەزانێت کە ئەم سیناریۆیە چۆن و لەلایەن چ کەسێکەوە دروست کراوە و بۆچ مەبەستێک بەکارهێنراوە؟ بۆیە دەبێت لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی کەرکووک و ئەو گرتە ڤیدیۆییەش بکرێت. چونکە خەڵک باش لەوە تێ دەگات کە لە هێرشەکەی کەرکووک، ئەندام و کادیرانی پارتی بوون کە بەگرییان لە شارەکە کرد، دیارە شەهیدەکانیش شایەتی ئەوە دەدەن".
جەختیشی لەوە کردەوە کە "کەسانێک دەستیان کەشف بووە و لە دروستکردنی ئەو سیناریۆیە ئاشکرا بوون، ئێستا دەیانەوێت بابەتەکە بخەنە ئەستۆی لیواکەی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی کە پێیمان وایە ئەمە دروستکردنی ئاژاوەیە”. جەختیشی لەوە کردەوە: “هەر لیوا یان فەوجێک لەژێر فەرمانی کەسێک دایە، ئەویش کۆسرەت ڕەسوڵ عەلییە کە خۆی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، چۆن دێت لەگەڵ گرووپێکی چەکداری، بەشداری سیناریۆیەک دەبێت؟ بۆیە ئێمە پێمان وایە کە ئەمەی کراوە، مەترسییە".
باسنیوز
