پەژاک لە پێنجەمین کۆنگرەی خۆیدا هاوسەرۆکی نوێی هەڵبژارد

 پەژاک لە پێنجەمین کۆنگرەی خۆیدا هاوسەرۆکی نوێی هەڵبژارد
بەپێى زانیاریی میدیاکانی پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک) لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا پێنجەمین کۆنگرەى ئاسایى خۆى بەڕێوە بردووە و لە کۆنگرەکەیاندا ژمارەیەک گۆڕانکاریی ئەنجام داوە.

بەرجاوترین گۆڕانکاری لە پێنجەمین کۆنگرەدا، عەبدووڕەحمان حاجى ئەحمەدى هاوسەرۆکى پەژاک گۆڕدراوە و سیامەند موعینى، کوڕی سولێمان موعینی جێگای گرتووەتەوە.

زیلان ئورمیەش بۆ هاوسەرۆکی هەڵبژێردراوە و ژمارەیەکى تری لە کادیرانى ئەو پارته‌، لەو کۆنگرەیەدا بۆ دەستەى بەڕێوەبەرایەتى و ئەنجوومەنى ناوەندی هەڵبژێردراون.

پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان كه‌ خۆی به‌ ناوی پژاك پێناسه‌ ده‌كات، لەژێر کاریەگەریی بیر و ئەندێشەی پارتی کرێکارانی کوردستان و عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی زیندانی کراوی پەکەکە و لە کوردستانی ڕۆژهەڵات خەبات دەکات.

بە گوێرەی لێدوانی ڕێبەران و کادرە باڵاکانی ئەو حزبە، ئێستا هیچ گەڵاڵەیەکیان بۆ شەڕی چەکداری لەگەڵ ڕژیمی ئێران لە بەرنامەی کارەکانیاندا نییە.

لە ئەنجامنامەی کۆتایی کۆنگرەکەدا هاتووە "پژاک هەموو بوارەکانی خەباتی خۆی لە چوارچێوەی ئەندیشە و عەمەڵی شۆڕشگێڕی "هێڵی سێهەم" بە بنەما وەردەگرێ و وەک سەرەکیترین ئامانجە ئیستراتێژیکەکانی خۆی پەرەی پێدەدا و پێکیان دێنێت. لەسەر ئەم بنەمایە نە دەبێتە بەشێک لە سیاسەتەکانی پەرگالی جیهانی و نە لەپێناو ئامانجەکانی دەوڵەت-نەتەوەکانی ناوچەیی هەڵسوکەوت دەکات. هێڵی سێهەم، رێبازی خەبات بۆ پێکهاتنی نەتەوەی دیموکراتیک لە سەر بنەمای پارادایمی کۆمەڵگای ئەخلاقی-سیاسی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە."

پژاک خۆی لە چوارچێوەی پێناسەی "حیزبێکی تەنیا کوردستانی" ناهێڵێتەوە و لەسەر بنەمای سیاستی دیموکراتیک، یەکێتی و هاوپەیمانی لەگەڵ هێز و گەلانیتری ئێران وەک فارس، ئازەری، عەرەب، بەلوچ، مازەنی و … وەک سەرەکیترین بەرنامە سیاسیەکان بۆ دیموکراتیزە کردنی ئێران ناوزەد دەکات. لەسەر بنەمای ئەم خوێندنەوەیە کە شۆڕشی کۆمەڵایەتی لە ئێران بەبێ هاوپەیمانی لەگەڵ هێزی گۆڕانخواز و دیموکراتیکەکان مسۆگەر نابێت، پژاک تێکۆشان و خەبات بۆ مسۆگەر بوونی یەکگرتنەوەی تەواوی ئەم هێزانە لەژێر ناوی "بەرەی دیموکراتیکی گەلانی ئێران" بە پێویست و زەرور دەزانێ."

لەپێناو وەدی هاتنی دیموکراتیزاسیۆنی ئێران، کوردستان وەک دڵی گۆڕانخوازی و سەرچاوەی هەڵقولانی سیاسی لە ئێران پێناسە دەکرێ، ئێستاکە رەخساوترین زەمینەی هاوپەیمانی هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستانییە. لەسەر ئەم بنەمایە پژاک هەموو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بانگهێشتی دروستکردنی "بەرەی دیموکراتیکی هێزەکای رۆژهەڵاتی کوردستان" دەکات و بۆ وەدی هاتی ئەمەش، پژاک بە پێویست دەزانێ تێکۆشان خۆی بەرفراوانتر و پێشەنگایەتی بکات."

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان کە ساڵی ٢٠٠٤ لەلایان هەندێک لە خوێندکارانی تەڤگەری ئازادی کوردستان دامەزراو لە ماوەی ١٢ ساڵ خەبات و چالاکی خۆی بەردەوام هەوڵیداوە کێشەی کورد لە ئیران بە زمانێکی سیاسی و دیموکراتیک چارەسەر بکات؛ بەڵام دەوڵەتی ئیران هەرکات وەڵامی داخوازیەکانی بە هێرش و گرتن و سێدارە داوەتەوە.












باسنيوز
Top