وەستا ڕەسووڵ: هەر شوێنێک مۆرکی کوردی پێوە بێت، دەبێ تەنیا پێشمەرگە بیپارێزێت

 وەستا ڕەسووڵ: هەر شوێنێک مۆرکی کوردی پێوە بێت، دەبێ تەنیا پێشمەرگە بیپارێزێت
وەستا ڕەسووڵ، فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری كەركووك لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند: "هاوپیمانیی نێودەوڵەتی لەدژی داعش لە ئازادكردنی مووسڵ ڕۆڵی كارای دەبێت و نەخشەیەكی ورد بۆ ئەو پڕۆسەیە داڕێژاروە، بێگومان ئەو نەخشەیە دەبێتە هۆكاری بەهێز بوونی ئۆپەڕاسیۆنەكە."



وەستا ڕەسووڵ گوتیشی: "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كامێرای زەمینی و ئاسمانی داناوە و فڕۆكە بۆ هەموو ئەگەرێكی نەخوازراوە ئامادە كراوە.



ئاماژەی بەوەش کرد: "داعش لەسەر سێ پێگە شەڕ لەگەڵ هێزی پێشمەرگە دەكات، پێگەی یەكەم شەڕی قەناس بەدەستەكانی داعشە، چونكە داعش لەناو بینا و شوێنە شاراوەكانی خۆیانەوە قەناس بەدەست جێگیر دەكەن، بەڵام لە هەموو شوێنێكەوە فڕۆكەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی چاوی كامێرایان بۆ قەناس بەدەستەكانی داعش داناوە."



ڕاشیگەیاند "پێگەی دووەم ئەوەیە ڕێكخراوی داعش سەیارەی بۆمبڕێژكراو دەنێرێت بۆ ئەوەی خۆی بە هێزی پێشمەرگەدا بتەقێنێتەوە. پێگەی سێیەم خۆی لەوەدا دەبینێتەوە داعش زۆر پشت بە خۆكوژەكانی دەبەستێت، ڕەنگە ئەمە كەمێك سەخت بێت، چونكە ئەگەری ئەوە هەیە داعش لەگەڵ ئاوارەكاندا تێكەڵ بكرێن، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا هێزی پێشمەرگە هۆشیار كراوەتەوە، پێویستە هێزی پێشمەرگە وشیار و بە ئاگابن لە فێڵ و تەڵەی دوژمن بە وریایی هەنگاو بنێن، چونكە لەم شەڕە دوژمن فێڵی زۆرە بەتایبەتی چاندنی بۆمبی چێندراو یەكێكە لە فێڵە سەرەكییەكانی داعش."



ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە گوتیشی: "هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆیە بەشداریی ئازادكردنی مووسڵ دەكات، چونكە ئەو شوێنانە ئازاد دەكات كە كورد تێیدا نیشتەجێیە، هەروەها پێشمەرگە ئەو شوێنانە ڕزگار دەكات كە لە زۆنی ماددەی سەد و چل دایە، بۆیە هەر شوێنێك مۆركی كوردی پێوە بێت ناكرێت هێزێكی دیكە بچێت ڕزگای بكات، تەنیا دەبێت هێزی پێشمەرگە بەرگری لێ بكات."



لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش كرد: "لێدانی خەندەقی نەوتی ڕەش بە چوار دەوری مووسڵدا بەلای داعشەوە شێوازێكی كلاسیكە، چونكە لە سەردەمی سەدام حسێنەوە ئەو نەوتە ڕەشە بەكار هێنراوە، هەروەها ڕێكخراوی داعش لە ئۆپەڕاسیۆنەكانی خوارووی كەركووك نەوتی ڕەشی بەكار هێناوە، بەڵام هەرزوو شكستی هێناوە، بۆیە بەكارهێنانی خەندەق بە نەوتی ڕەش لە چوار دەوری مووسڵ شتێكی فاشیلە و داعش بەو كارەی سەركەووتو نابێت."



وەستا ڕەسووڵ ئەوەشی ئاشكرا كرد: "ماوەی چەند ڕۆژێكە فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق بە ئاسمانی مووسڵەوە وەرەقەی ئاگاداركردنەوە بڵاو دەكەنەوە بۆ ئەوەی دانیشتوانی مووسڵ لە دەستی داعش خۆیان ڕزگار بكەن تاكوو لەكاتی ئۆپەڕاسیۆنەكەدا خەڵكی سڤیل نەبێتە قوربانی، هەروەها هێزی پێشمەرگە ئاگادار كراوەتەوە لە كاتی ئۆپەڕاسیۆنەكەدا بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئاوارەكان و هاووڵاتیانی سڤیل بكەن."








باسنيوز
Top